مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداریی فێستیڤاڵی ڕاگەیاندنی کوردی دەکات لە سنە
رۆژانی ٢٩ و ٢٠١٩/٤/٣٠ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی پارێزگای کوردستان (سنە) لە وڵاتی ئێران، یەکەمین فێستیڤاڵی راگەیاندنی کوردی سازدا و (پ.ی.د.هێرش رەسوڵ) مامۆستای بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەریی کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە سیمینارێک بەشداریی کرد.
بەرنامەی ڕۆژی یەکەمی فێستیڤاڵ، سەرەتا بریتیی بوو لە کردنەوەی پێشانگایەکی گەورەی سەرجەم ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی هەر چوار پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران: (کوردستان، کرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا).
دواتر، پانێڵێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی دوێنی و ئەمڕۆ و ئاسۆکانی سبەینێی ڕاگەیاندنی کوردی سازکرا، کە تێیدا (پ.ی.د.هێرش رەسوڵ)، بابەتێکی سەبارەت بە (ڕاگەیاندنی کوردی لە نێو دنیای ئەمڕۆی دیجیتاڵدا) پێشکەشکرد، پانێڵەکەش لەلایەن (کاوانی محەمەد پوور)ـەوە بەڕێوەبرا.
ڕۆژی دووەمی یەکەمین فێستیڤاڵی ڕاگەیاندنی کوردی لە سنە، بریتیی بوو لە مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵ و لە لایەن بێژەری ناسراوی ئێران (فوئادی شوکرەڵڵای بابان)ـەوە بەڕێوەبرا، تەرخانکرا بوو بۆ رێزلێنان لە ڕۆژنامەنوسی بە ئەزموون و ناسراوی کورد (فەرەیدونی سەدیقی)، کە بە (فەرەیدونی قەڵەم) ناسراوە و ماوەی نزیکەی ٥٠ ساڵە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و خاوەنی سەلیقەیەکی تایبەتی پیشەییە.
هەمان ڕۆژ، ئەنجامی پێشبڕکێیەک ڕاگەیەنرا، کە بۆ بابەتی ڕۆژنامەوانیی (بە هەردو زمانی کوردی و فارسی): (سەردێڕ، هەواڵ، ڕاپۆرت، وتار، وێنە، کاریکاتێر، گرافیک، تەنز) سازدرابو، کەوا کۆمەڵێ ڕاگەیاندنکاری کورد بە نزیکەی ٩٠٠ بابەت بەشدارییان کرد بوو.
هەروا، خەڵات و ڕێزنامە پێشکەشی بەشداربووان و داوەرانی پێشبڕکێ و مامۆستایانی زانکۆی تاران و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرا.