بە خستنەڕووى چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار کۆنفرانسی زانستی بەشی تەکنیکی میدیا کۆتایی هات
دواى بەردەوامبوونى بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بە خستنەڕووی چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری گرنگ، یەکەمین کۆنفرانسى زانستى بەشی تەکنیکی میدیا کۆلێجی تەکنیکی کارگێڕی بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانى هێنرا.
کۆنفرانسەکە لە ژێر ناونیشانی میدیا و پرسی نەتەوەیی بەڕێوەچوو کە تێیدا لە ١٤ توێژینەوەدا تیشکخرابووە سەر ڕەهەندە جیاکانى پێویستى میدیای کوردی و خستنەڕووی لایەنە گرنگەکانى ناوەڕۆکی توێژینەوەکان.
توێژینەوەکان لە لایەن کەسانى شارەزاو پسپۆڕو مامۆستایانى زانکۆ جیاکانى هەرێمەوە ئامادەکرابوون، لە ماوەى دوو ڕۆژی کۆنفرانسیشدا بە وردی ئاماژەیان بە ناوەڕۆک و ئامانج و راسپاردەکانی توێژینەوەکانیان بۆ ئامادەبووان کرد.
هاوکات لە ماوەى بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەشدا لەلایەن توێژەران و کەسانى شارەزاى ئامادەبووەوە بە ئامانجی گەیاندنى سوودی زیاتر بە پرسی میدیا چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری گرنگ ئاڕاستەى ناوەڕۆکی توێژینەوەکان کران تاوەکو دواتر کاریان لەسەر بکرێت و بخرێنە خزمەتى میدیای کوردییەوە.