رۆژی سێیەمی كۆنفرانسی رێكخراوی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی
كۆنفرانسی رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی كە لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە میوانداری دەكرێت بەردەوامە و لە رۆژی سێیەمی كۆنفرانسەكەدا چەندین وتار وپانێل پێشكەشكران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17/4/2019 لە ئۆتێل شاری جوان لە سلێمانی بەئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی رێكخستنەكانی دەرەوەی ی.ن.ك و پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سەرۆك و ئەمینداری گشتی و ئەندامانی رێكخراوی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی و ژمارەیەك لە سەرۆكی زانكۆ و پەیمانگاكانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و مامۆستایان و ئەكادیمیان و توێژەرانی ناوخۆیی و بیانی، رۆژی سێیەمی كۆنفرانسی رێكخراوی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی دەستیپێكرد.
سەرەتا بە وتەی بەخێرهاتن و ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان رێورەسمی بەڕێوەچوونی رۆژی سێیەمی كۆنفرانسەكە دەستیپێكرد، پاشان پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە گرنگی تەوەرەكانی ئەمڕۆی كۆنفرانسەكە كرد وتی: ئەم كۆنفرانسە یەكەمین هەنگاوە بۆ پشتیوانی كردن لە پەیوەندییەكانی برایەتی و زانستی لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبیدا، هەروەها هیوادارین زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ماڵی دووەمی هەموو لایەكتان بێت كە هەمیشە ئامادەیە پێشوازی لە گشت هەنگاوێكی نوێی و زانستی بكات بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستی و خوێندن لە هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: زانست كۆڵەكەی سەرەكی ئێمەیە بۆیە دەبێت لەوپێناوەدا هەوڵی زیاتر بدەین و كارو چالاكی پێكەوەیی و هاوبەش ئەنجام بدەین، هەروەكو شاعیری مەزن ئەحمەد شەوقی كە بەڕەگەز كوردە دەڵێت ” بە زانست و پارە خەڵكی ماڵ و موڵكی خۆیان دروست دەكەن ، ماڵ و موڵك بە نەخوێندەواری دروست ناكرێت ” ، هەروەها وتیشی: سوپاسی سەرجەم ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە لە كۆنفرانسەكەدا ئامادەن و هاوكار و پشتیوان بوون بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە، وە هیوادارین هەموومان پێكەوە دروشمی كۆنفراسە جێبەجێ بكەین و بتوانن خزمەتی زیاتر بە خوێندكاران و كۆمەڵگاكەمان بكەین.
پاشان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە كۆنفرانس و دیدارە زانستی و ئەكادیمیانە دووپاتكردەوە و وتی: سەربەرزین بە ئەنجامدانی ئەم كۆنفرانسە كە دەرئەنجامی هەوڵ و كۆششی زانكۆكانمانە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی زانستی زیاتر كە خزمەت بە خوێندن و كۆمەڵگا دەكات و پەیوەندی دێرینی برایەتی كورد و عەرەب بەهێزتر دەكات، هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: گومانی تێدا نییە پرسی وەرگرتن و تۆماركردن لە زانكۆكان خزمەتێكی گەورە بە پرۆسەی خوێندن دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە تەكنیكی نوێی و هەنگاوی نوێ بنرێت.
هەروەها م.بەختیار عوبێد شەریف سەرۆكی ئێستای رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی لە وتەیەكدا وتی: بۆ یەكەمین جارە ئەم رێكخراوە لە عیراق و هەرێمی كوردستان كۆنفرانس ئەنجام دەدات كە ئەویش خۆشبەختانە لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیەوە میوانداری كراوە و ئەو شانازییەی پێبەخشراوە، بۆیە سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكەین بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی كۆنفرانسەكە و هاوكارییە بەردەوامەكانیان هەروەها سوپاسی ئەندامانی لیژنەی رێكخەرانی ئەم كۆنفرانسە و پشتیوانییەكانی لیژنەی جێبەجێكاری رێكخراوی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی دەكەین.
پاشان د. بەسام محادین ئەمینداری گشتی رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی وتەیەكی پێشكەش كردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كۆنفرانسی ئەمجارەمان كە لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە میوانداری كراوە بە یەكێك لە كۆنفرانسە هەرە گرنگەكانی رێكخراوەكەمان دادەنرێت بۆ پەرەپێدان و نوێكردنەوەی سیستمەكانی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكان و وە دەوڵەمەندكردنی زانكۆكان بە پلانی توێژینەوەی گرنگ، هەورەها ئەمینداری گشتی رێكخراوەكە دووپاتیكردەوە كە كاری زیاتر دەكەن بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانكۆكانی دیكەشدا بەمەبەستی فراوانكردنی چالاكییەكانی رێكخراوەكە و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان زانكۆكان.
دواتر راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لەسەر ناساندنی كلتور و شارستانیەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بەگشتی و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە تایبەت پێشكەش كرا و لەلایەن هەریەك لە بەڕێزان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لێپرسراوی ناوەندی رێكخستنەكانی دەرەوەی ی.ن.ك و پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خەڵاتی رێزلێنان پێشكەش بە رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی كرا.
لە دوانیوەڕۆی رۆژی سێیەمی كۆنفرانسی رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆماری گشتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی، سێ پانێلی سەرەكی لەبارەی بنەما سەرەكییەكانی بەرەوپێشبردنی وەرگرتن و تۆماری گشتی لە زانكۆكان و پێوەرە زانستییەكان لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا و سیستمی ئەوروپی لەو بوارە و چۆنێتی روبەڕووبوونەوەی ساختەكاریی بەڵگەنامە و بڕوانامەكان لە دامەزراوە زانستییەكاندا و هەروەها پێشكەشكردن و تۆماركردنی خوێندكارانی پەنابەر لە زانكۆكاندا پێشكەشكران.