Back

پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەیادی تاوانی ئەنفالدا

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا پەیامێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی: كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان‌و ئەنفالكراوان و تاقانەكان مامۆستایان خوێندكاران فەرمانبەران ئاشكرایە ١٤/٤ ی هەموو ساڵێك، یادی مەرگەساتێك و زامێكی بەسۆو سارێژنەبووی نەتەوەكەمان دەكەینەوە، سی و یەك ساڵ لەمەوبەر، گەل و خاكی كوردستان لەلایەن ڕژێمی دیكتاتۆری ئەودەمەی عێراقەوە، ڕووبەڕووی دڕندەترین شاڵاوی پاكتاوی نەژادی و كاولكاری بوونەوە و لە ئاكامدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار هاونیشتمانیی بێتاوانی كوردستان بوونە قوربانی و بە هەزاران گوندیش وێرانكران. ئاشكرایە ئەنفال یەكێكە لەو تاوانانەی بە درێژایی مێژوو رژێمە سەركوتكار و داگیركەرەكان بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجامیان داوەو هەوڵی لەناوبردن و نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەییان داو حكومەتی ئەوسای عێراق بەپێی پیلانێكی تۆكمە قۆناغەكانی ئەنفالی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان جێبەجێ كرد بەبێ گوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقی و بە هەزاران گەنج و پیر و ژن و مناڵی ئەنفال و زیندەبەچاڵ كرد. یادكردنەوەی ئەم مەرگەساتە ئەگەرچی زامێكی قوڵ و ئازاربەخشە، بەڵام یادێكیشە بۆ وەبیرهێنانەوەی قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەكەمان لەپێناو هێنانەدی مافەكانیدا و تائێستا لە سایەی خەباتی بەردەوام و ئەو قوربانیدانەدا توانیومانە چەندین ئاوات و ئامانجی تێدا بێنینە دی كە مایەی شانازی و سەروەرین . پرۆسەی جینۆسایدی گەلەكەمان لە ئەنفال و كیمیاباران كۆتاییان هات و ئەنجامدەرانی بەسزای گەل گەیشتن بەڵام ئەوەی ماوەتەوە مامەڵەكردنە لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو مەرگەسات وتاوانەدا و پێویستە ژیرانە كاریان لەسەر بكرێت، ئێمە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك دیارییەكی بچوك و دەربڕینی وەفامان بەگرنگمان زانی كە دوو ناوەندی زانستی و مەعریفی لەهەردوو سنووری‌ چەمچەماڵ و كەلار بكەینەوە ئەوانیش پەیمانگای تەكنیكی چەمچەماڵ و پەیمانگای تەكنیكی كەلار-ن ، بەهەموو توانامان پشتیوانی لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی خوێندكاران و مامۆستایان لەو دەڤەرانە دەكەینەوە و بەباشبوونی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانیش هەنگاوەكانمان بەئاڕاستەی فراوانتركردنی كاروچالاكییەكانمان دەنێین و كاری جددی لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەكەین بۆ چارەسەری گشت ئەو گرفتە جیاوازانەی كە لەپاش ئەنفال هاتۆتە كایەوە. ئەنفال پێماندەڵێت پێویستە هەمووان پێكەوە كاربكەین و بەردەوام بین لەبەرەوپێشبردنی رەوتی زانست و فێركردن لە كوردستان. لەكۆتاییدا پاراستنی‌ ئەو دەستكەوتانەی‌ گەلەكەمان كە لە سایەی‌ خەبات و خوێنی‌ شەهیدان بەدیهاتوون بە پێویست دەزانین لەپێناو پتەوكردنی‌ تەبایی‌ و یەكڕیزی‌ نێوان گشت لایەن و هێزەكانی‌ گەلەكەمان و خەباتكردن بۆ بەدیهێنانی‌ ئامانجەكانی‌ تری‌ گەلەكەمان كە هەمان ئامانجی‌ شەهیدانیشمان بوون سڵاو بۆ گیانی پاكی ١٨٢٠٠٠ ئەنفالكراوانی سڤیلی كوردستان . سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كوردستان. سڵاو لە تاقانەكانی ئەنفال و جینۆساید رزگاربووانی ئەنفالەكان. سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 2019/4/14
This shortcode LP Profile only use on the page Profile