Back

هه‌ڵه‌بجه‌: له‌ یادی زانكۆدا ڤیستیڤاڵێكی  قه‌شه‌نگ به‌ڕێوه‌چوو

وه‌ك نه‌ریتێكی ساڵانه‌و به‌دیاریكراوی له‌ هه‌موو 4/10 دا كۆلێجی زانسته‌ پراكتیكییه‌كان و په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ یادی ساڵڕۆژی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانیدا ڤیستیڤاڵی نمایشكردنی كارو چالاكییه‌كانی به‌شه‌ زانستییه‌كان و خوێندكاران به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10 ی نیسانی 2019 به‌ دروشمی ( ژینگه‌یه‌كی سه‌وز، كشتوكاڵێكی دروست، زامنی له‌ش ساغیمانه‌) به‌ چاودێری پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و یاریده‌ده‌رانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و زانستی و به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاگرانی كۆلیج و په‌یمانگاكانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی  و مامۆستایان و خوێندكاران و میوانانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ، ڤیستیڤاڵی ساڵانه‌ی چالاكییه‌  زانستییه‌كانی خوێندكاران به‌ڕێوه‌چوو. سه‌ره‌تای ڤیستیڤاڵ به‌ ساتێك وه‌ستان له‌گه‌ڵ سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب  بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی كوردستان ده‌ستی پێكرد، پاشان له‌لایه‌ن  د. كارزان عبدالله‌ ڕاگری كۆلێجی زانسته‌ پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌  وته‌ی به‌خێرهاتن پێشكه‌شكراو كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر مێژوو كارو چالاكییه‌ زانستییه‌كانی هه‌ردوو ناوه‌نده‌كه‌ باسكرد و داوای كرد هه‌روه‌ك چۆن له‌ڕابردودا گرنگی و ئه‌وله‌ویه‌ت دراوه‌ پێیان هه‌روا به‌رده‌وام بێت له‌پێناو سه‌رپێخستنی پارێزگا نوێیه‌كه‌یان و خزمه‌تكردنی پرۆسه‌ی خوێندن و خوێندكاران له‌سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌. دواتر له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ووتارێك پێشكه‌شكراو پیرۆزبایی خۆی گه‌یانده‌ سه‌رجه‌م مامۆستایان و خوێندكاران و فه‌رمانبه‌رانی كۆلێجی زانسته‌ پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ یادی دامه‌زراندنی زانكۆو بۆ سازكردنی ڤیستیڤاڵه‌كه‌و ماندوبونیان، به‌ڕێزیان باسیان له‌ گرنگی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كرد و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رچیه‌ك بۆ ئه‌و شاره‌ بكرێت هێشتا له‌به‌رامبه‌ر به‌و قوربانییه‌ زۆره‌ نییه‌ كه‌ پێشكه‌شیان به‌كوردستان كردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ گشت بواره‌كاندا سه‌رمه‌شق بوون و به‌تایبه‌تیش خوێندن هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ دروشمه‌كانیان ، وه‌ موژده‌یه‌كی خۆشی ڕاگه‌یاند به‌كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی تاقیگه‌ی پزیشكی له‌ كۆلێجی زانسته‌ پراكتیكییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سوودێكی زۆری بۆ خوێندكاران و ناوچه‌كه‌ ده‌بێت. هه‌روه‌ها ووتی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌هه‌موو شێوازێك پشتیوانی له‌و دوو ناوه‌نده‌ گرنگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت درێغی ناكه‌ین. دواتر پارچه‌ میوزیكێك له‌لایه‌ن دوو خوێندكاره‌وه‌ پێشكه‌شكراو له‌لایه‌ن پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ڤیستیڤاڵه‌كه‌ كرایه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئاماده‌بواندا كارو چالاكییه‌كانی خوێندكارانیان بینی كه‌ خۆی ده‌بینییه‌وه‌ له‌ نمایشكردنی چالاكییه‌ زانستییه‌كانی به‌شه‌ ته‌ندروستییه‌كان و كارگێڕییه‌كان و ژینگەیی و کشتوکاڵی ، پاشان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی سه‌ردانی ئه‌و جێگایه‌یان كرد كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی پرۆژه‌ی خوێندكارانی تیادا ئاماده‌ده‌كرێت بۆكشتوكاڵ كه‌ ڕوبه‌ره‌كه‌ی 120 دۆنم زه‌وییه‌. له‌كۆتایی ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا به‌ خواردنی كورده‌واری و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ ی كوردی كۆتایی به‌ كارو چالاكییه‌كانی ڤیستیڤاڵی ساڵانه‌ی كۆلێجی زانسته‌ پراكتیكییه‌كان و په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌ هات.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile