Back

پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا

زانستخوازانی بەئەمەك مامۆستایان‌و خوێندكاران‌و فەرمانبەرانی دڵسۆز لەیادەوەری ساڵ ڕۆژی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانیدا پیرۆزبایی‌و چەپكە گوڵی بەهاری كوردستان پێشكەش بەخەمخۆرانی زانست‌و هەڵگرانی ئاڵای خوێندن‌و پەروەردە دەكەین. 16ساڵ بەرهەمهێنانی مەعریفەو پەرەپێدانی زانست‌و خوێندن‌و ئاوەدانی‌و خۆشگوزەرانی‌و پلانی ئایندەو هەوڵ‌و گەڕانی بەردەوام لەپێناو باشترین رێگاكانی گەیاندنی زانست‌و فەرهەنگ‌و زانیاری، ئەركی سەرەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بووە، زانكۆ خۆی لەدەستەبەركردنی پێویستییە فێركاری‌و رۆشنبیری‌و تەكنیكییەكان دەبینێتەوە، بەئاڕاستەی گەشەپێدان‌و پەرەپێدانی پرۆسەكانی خوێندن‌و توێژینەوەی زانستی بۆ هاریكاریكردن لەگەڵ سەرجەم ناوەندە زانستی‌و تەكنیكییەكان لەهەرێمی كوردستان‌و عێراقدا، لەگەڵ سوود وەرگرتن لەو رێككەوتن‌و لێكتێگەیشتنانەی لەگەڵ زیاتر لە 60 زانكۆو پەیمانگاو ناوەندە ئەكادیمییەكانی ناوخۆو دەرەوە ئەنجامیداون، لەئێستاشدا زانكۆمان خاوەنی پێنج كۆلێج‌و 8 پەیمانگای تەكنیكی‌و سەنتەرەكانی (نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی، توێژینەوەی زانستی، گەشەپێدانی كار (CDC)، یەكسانی جێندەر)ەو كەناڵێكی تەلەفزیۆنیی تایبەت بەزانكۆیە، وە لەرانكینی نیشتمانی زانكۆكاندا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەنگاوی گەورەی بڕیوەو لەئاستێكی دڵخۆشكەردایە. ئەم دەستكەوتانەش بەهەوڵ‌و كۆششی مامۆستایان‌و كارمەندان‌و توێژەران‌و خوێندكارانی زانكۆ بووە، زانكۆمان خاوەنی مێژوویەكی پرشنگدارەو ناوەندی ژمارەیەكی زۆر لەئەكادیمیستانی رێی خوێندن‌و زانست بووەو مامۆستایان‌و فەرمانبەران‌و خوێندكاران پێشەنگی بەرەو پێشچوونەكانی زانكۆمان بوون، ئێمەش بەبەرزكردنەوەی ئاستی توانا مرۆییەكان هەنگاودەنێین، لەپێناو پێشخستنی بواری خوێندن‌و توێژینەوەی زانستی‌و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی‌و گەشتن بەئاستی زانكۆ جیهانییەكان. لەم یادە شكۆدارەدا، رایدەگەیەنین كە بەهاوكاری‌و پاڵپشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەین كە وەك ناوەندێكی زانستی‌و تەكنیكی لەبوارە جیاوازەكاندا لەئەستۆماندایە، سەرەڕایی هاتنە پێشی چەندین قەیران كە روبەڕوی هەرێمی كوردستان بوویەوە لەرابردوودا زانكۆمان بۆ تەنها ساتێكیش رێگەی نەدا پرۆسەی خوێندن‌و فێركردن بووەستێت‌و بەردەوامیدا بەكاروانی زانستی خۆی. لەداهاتوودا كاری زیاتردەكەین بۆ رەخساندنی هەلی كاری پێویست بۆ دەرچووانمان‌و پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ لەكادری بەتواناو ئەكادیمی، وە لەئامادەكردنی هێزی كاری بەتواناو راهێنراو بۆ دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و بووژاندنەوەی كەرتی تایبەت، پشتگیری بەردەوامی وەزارەت‌و توێژەران‌و ئەكادیمیستان‌و زانستخوازانی هەرێمی كوردستان بۆ زانكۆمان، ئەو خۆری هیوایەیە كە لەئاسۆی بڵندبوونی ئەم ناوەندە ئەكادیمییە پرشنگ دەدات. پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی كوردستان، سوپاس بۆ سەرجەم ئەو كەسانەی هاوكار‌و پشتیوانی زانكۆ بوون. ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 2019/4/4
This shortcode LP Profile only use on the page Profile