قۆناغی دووەمی بەئەلكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستیپێكرد
دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پرۆسەی بە ئەلكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی دەستپێكرد و، لە قۆناغی یەكەمدا ئەو پرۆسەیە لە دیوانی وەزارەت و فەرمانگەكان و چەند زانكۆیەك جێبەجێكرا، لە قۆناغی دووەمیشدا لە چەند زانكۆیەكی تر پرۆسەی بە ئەلكترۆنیكردن دەستیپێكردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی (٢/٤/٢٠١٩) بە سەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرەی بەشێك لە فەرمانگەكان كۆبوونەوەی رۆژانەی وەزارەت بەڕێوەچوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا پرۆسەی بەئەلكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی گفتوگۆی لەبارەوە كراو دووپاتكرایەوە دوای ئەوەی وەزارەت پرۆسەی بەئەلكترۆنیكردنی لە دیوانی وەزارەت و فەرمانگەكان و چەند زانكۆیەك جێبەجێكرد، لە قۆناغی دووەمیدا و لەم هەفتەیە پرۆسەی بە ئەلكترۆنیكردن دەستپێدەكات.
لە وتەیەكدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: لە سۆنگەی هەستكردن بە گرنگی ئەو پڕۆسەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ماوەیەكە دەستی داوەتە بە ئەلكترۆنیكردنی وەزارەت و زانكۆ و دامەزراوەكانی، بەو پێیەی زانكۆكان ناوەندیكی گرنگی مەعریفە و زانیاری و پێشكەوتی كۆمەڵگەن، بۆیە دەبێت خوێندنی باڵا ببێتە نموونەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، چونكە زانكۆكان خۆیان مەعریفەو زانیاری پێشكەش بەكۆمەڵگە دەكەن، دەبێت هەرخۆشیان پێش كەرتەكانی دیكەی كۆمەڵگە ئاشنایی زانیاری و گۆڕانكارییە تازەكانی ژیان و كۆمەڵگەكان بن.
د. یوسف گۆران وتیشی پڕۆژەی بە ئەلكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی لە وەزارەت و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا یەكێكی دیكەیە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەت كە جێبەجێمان كردووە، پڕۆژەكە لە رووی كارگێڕییەوە تا ڕادەیەكی زۆر بۆتە هۆی كەمكردنەوەی بیرۆكراسیەت و شەفافیەت لە بەڕێوەبردن لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، لە ڕووی كاتیشەوە، جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە هاریكار بووە لە زوو راپەڕاندنی كارو ئەركەكانی خوێندنی باڵا، هەروەك لە درەنگ گەیشتنی زانیاری و پێویستیەكان بەدوری گرتوین. لە ڕوی دارایشەوە، بەهۆی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەئەلكترۆنیكردنی سیستمی كارگێڕی، ساڵانە بودجەیەكی زۆر گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت. هەروەك لە ڕوی زانستییەوە، پڕۆژەكە هاریكار بوە لە كۆكردنەوەی سەرجەم داتاو زانیارییەكانی وەزارەت و زانكۆكان.
لە كۆتایشدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی پرۆسەكەی لە زانكۆكانی تر بە هەنگاوێكی گرنگ و بایەخ بۆ گەشەپێدانی خوێندنی باڵا لە كوردستان وەسفكرد.