یەكەمین چالاكی ( Eng.Expo.2019 ) بەڕێوەچوو
بەبۆنەی رۆژی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە، بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، چالاكی ( Eng.Expo.2019 ) بۆ خوێندكارانی بەشی تەكنیكی ئەندازیاری زانكۆكانی هەرێمی كوردستان رێكخرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 2019/4/1 بەسەرپەرشتی (پ. ی. د. ئالان فەرەیدون عەلی) سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بە ئامادەبوونی نوێنەری خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و راگرانی كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندكاران، بۆ یەكەمینجار لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی چوارچرا، كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری چالاكی ( Eng.Expo.2019 )ی بۆ خوێندكارانی ئەندازیاری زانكۆكانی هەرێمی كوردستان رێكخست.
سەرەتای چالاكییەكە بە وتەی د.عەتا شێخ كەریم راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری دەستیپێكرد و تێیدا سوپاسی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد، كە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان ئەم پرۆژەیە ئەنجام دراوە، هەروەها سوپاسی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سەرجەم ئەو كەسانەی كرد كە هاوكاری سەرخستنی پرۆژەكە بوون.
هەوەرها راگری كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری ئاماژەی بە ئامانجە گرنگەكانی ئەم چالاكییە كرد و وتی: یەكێك لە هەرە ئامانجە گرنگەكانی ئەم ئیڤێنتە دەرخستنی توانای خوێندكاران و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ خوێندكارانی تەكنیكی ئەندازیاری لە كەرتی گشتی و تایبەتدا.
پاشان پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد: خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كە ئەمڕۆ بەشداری ئیڤێنتێكی لەمجۆرە دەكەین لە ساڵیادی دامەزراندنی یادی زانكۆماندا، ئەم ئیڤێنتە زۆر گرنگە بۆ خوێندكاران، بۆیە هەوڵدەدەین ساڵانە ئەم جۆرە چالاكیانە بۆ خوێندكاران ساز بدەین و بەردەوام بێت.
لە چالاكییەكەدا خوێندكارانی شەش زانكۆی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە زانكۆكانی ( پۆلیتەكنیكی سلێمانی، زانكۆی سلێمانی، زانكۆی ئەمریكی سلێمانی، زانكۆی هەڵەبجە، زانكۆی سۆران و زانكۆی ئیشك ) لە رێگەی نمایشكردنی 33 پرۆژەوە كێبڕكێی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمیان كرد، دوای نمایشكردنی پرۆژەكانی خوێندكاران و هەڵسەنگاندیان لەلایەن پێنج لیژنەی پسپۆڕ و زانستییەوە 15 پرۆژە خەڵاتەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا، كە پرۆژەكانی خوێندكارانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی زۆرترین خەڵاتی براوەی چالاكییەكەیان بەدەستهێنا.