پێداچوونەوە بە رێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی دەكرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی وۆركشۆپێك بۆ پێداچوونەوە بە رێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی بەڕێوەدەبات.
لەوبارەیەوە عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بەمەبەستی پێداچوونەوە بە رێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی و, هاندانی توێژینەوە لە گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەكان و, پشتیوانیكردنی توێژەرانی بەتوانا, وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وۆركشۆپێك بۆ ئەم مەبەستە ساز دەكات.
لەو وۆركشۆپەدا, كە سەرجەم زانكۆ حكومی و تایبەتەكان و, كەسانی شارەزا لە بواری گۆڤارە زانستییە ئاستبەرزەكان ئامادەی دەبن، وا بڕیارە لە رێكەوتی (٨/٤/٢٠١٩) بەسەرپەرشتی و, ئاماددەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و, سەرۆكی زانكۆكان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت, تیایدا تاوتوێی چۆنیەتی پێداچوونەوە بە رێنماییەكانی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی دەكرێت, بەشێوەیەك لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی و پێداویستییەكانی ئەمڕۆ و داهاتووی بواری زانست لە كوردستان بگونجێت.