Back

لە وۆركشۆپێكدا هاوچەرخكردنی كتێبخانەكان خرایەڕوو

پڕۆژەی تۆڕی كەلەپووری كولتووریی هاوبەشی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆكانی ڕێدینگ و لیستەری بەریتانی فەندكراو لەلایەن تۆڕی نەهرەینەوە، وۆركشۆپێكی لەژێر ناونیشانی “هاوچەرخكردنی كتێبخانە: كارە لە پێشینەكان و ئاستەنگەكان” ئەنجامدا. وۆركشۆپەكە لەلایەن د.سەعد بەشیر ئەسكەندەرەوە پێشەكەشكرا كە بەڕێوەبەری گشتی پێشووی كتێبخانە و ئەرشیفی نیشتمانی عێراقی بووە، تێیدا ژمارەیەك لە كارمەندانی كتێبخانە و پسپۆڕانی ئەرشیف لە هەرێمی كوردستان بەشداربوون، لە وۆركشۆپەكەدا د.سەعد ئاماژەیەكی خێرای كرد بە مێژوو و چۆنێتی كاركردن و ژێرخان و میكانیزمی چالاكردن و هاوچەرخكردنەوەی كتێبخانەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا. لە بەشێكی تری وۆركشۆپەكەدا، ئامادەبووان بەشێوەی گرووپ گفتوگۆ و گەنگەشەی وردی ئەو فاكتەر و رەهەندانەیان كرد كە دەبنەهۆی گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم هاوچەرخكردنەوەی كتێبخانەكاندا لە كوردستان، گرنترین ئەو لایەنانەش ئەمانەی خوارەوەبوون: لایەنی یاسایی و دەستوری، لایەنی بودجە و ژێرخانی ئابووری بۆ كتێبخانەكان، لایەنی خزمەتگوزاری و تەكنەلۆژیای زانیاری (IT)، و لایەنی بەڕێوەبردن و میكانیزمی كاركردنی هاوبەشی نێوان كتێبخانەكان. شایەنی باسە ئامادەبووانی وۆركشۆپەكە كە پسپۆڕانی بواری كتێبخانە و ئەرشیف بوون، لە چەندین شاری جیاوازی هەرێمی كوردستانەوە هاتبوون و ئەزموونی چەندین ساڵە و كاركردنیان لەگەڵ یەكداو لە ڕێگەی ئەم وۆركشۆپەوە ئاڵوگۆڕكرد، كە دەستكراوەتریان دەكات بۆ كاری داهاتووی ئەم لایەنە گرنگەی كۆمەڵگە- كتێبخانە و رۆڵی لە كۆمەڵگەی شارستانی سەردەمدا. وۆركشۆپەكە لە نهۆمی یەكەمی بینای سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو و لە كاتژمێر 1:30ی پاشنیوەڕۆ بۆ 4:30ی ئێوارەی خایاند.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile