پەیامی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا
سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئەو تاوانەی بە دڕندانەترین تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەقەڵەمدا كە لەلایەن رژێمی بەعسی فاشییەوە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرا.
دەقی پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
لەیادی (31) ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا.
(31) ساڵ بەر لەئێستا، رژێمی بەعس لە رۆژی (16/3/1988) بەچەكی كیمیایی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی، شاری هەڵەبجەی بوردومانكرد و زیاتر لە (5000) مرۆڤی بێتاوانی كورد لە ژن و منداڵ و پیر و لاو، شەهیدبوون و هەزارانی تریش برینداربوون، رژێمی دیكتاتۆری بەعس بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاكتاوكردن و لەناوبردنی گەلی كوردی دەدا، لەم پێناوەشدا بە دڕندانەترین شێوە تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردن و تەعریبی بەرامبەر گەلەكەمان گرتەبەر.
لەم یادە خەمناكەدا، سەری رێزو وەفاداری لە ئاست شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین و سڵاوی خۆراگریی بۆ برینداران و بەركەوتووانی كیمیایی دەنێرین، كە 31 ساڵە بە ئازارەوە دەناڵێن، چونكە تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ترۆپكی سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی بەعس بوو، لەگەڵ زنجیرەیەك تاوانی دیكەدا لەچوارچێوەی ستراتیژی پاكتاوی نەژادی بەرامبەر بە گەلی كوردستان ئەنجامیدا.
داواكارین حكومەتی هەرێم لە خەم و ئازارەكانی بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە كەمبكاتەوە و بە باشترین شێوە چارەسەریان بكرێت و خەزمەت بكرێن، هەروەها پێیوستە یادی هەڵەبجە و بیروەرییەكانی تری گەلەكەمان، ببنە هەوێنی یەكێتی ریزەكانی گەلەكەمان و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان و چاكسازیی راستەقینە بن، هێشتا تەواوی ئاوات و ئامانجی شەهیدانی كوردستان و ئەنفالكراوەكان بەدینەهاتووە، چەسپاندنی مافە نیشتمانیی و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان، هەماهەنگی و یەكهەڵوێستی هەموو لایەكی پێویستە.
دووبارە سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای زرگاری كوردستان دادەنەوێنین و جەخت لەسەر گرنگی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەكەینەوە، چونكە ناكرێت بەبێ كۆمەڵگەیەكی پەروەردەی هاوچەرخ باس لە حكومڕانییەكی باش و تەندروست بكرێت.
– نەمریی بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی كوردستان.
– نەفرەت لە ئەنجامدەرانی كیمیابارانی هەڵەبجە.
– ئاوەدانی و خزمەتی زیاتری زانست بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
2019/3/6