مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بانگهێشت دەكرێت بۆ پێشكەشكردنی بابەتێك لە وۆركشۆپێكی زانكۆیەكی بەریتانی
لە نوێترین چالاكیدا لەگەڵ چەند مامۆستایەكی بەریتانی، د.ڕۆژین كەمال محەمەد ئەمین مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سەرۆكی گروپی كەلەپووری كلتووری دیجیتاڵی و بانگهێشت دەكرێت بۆ پێشكەشكردنی بابەتێك لەسەر بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ لە بینای مۆزەخانەدا لە یەكێك لە زنجیرە وۆركشۆپەكانی زانكۆی گلاسگۆی بەریتانی.
وۆركشۆپەكە ۲۰-۲۳ ی شوباتی ۲۰۱۹ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، كە ٤٤ لێپرسراو و شوێنەوارناس و خوێندكارانی بواری شوێنەوار و مۆزەخانەی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك ئەندامی گروپی توێژینەوەی كەلەپووری كلتووری دیجیتاڵی سەربە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بانگهێشتكرابوون، وۆركشۆپەكان بەشێك بوون لە چالاكییەكانی پەرەپێدانی تواناكانی بواری مۆزەخانە و شوێنەوار و كەلەپووری كلتووری سەر بە پڕۆژەی “پراكتیس كردنی شوێنەوارناسی و پاراستنی كەلەپووری لە هەرێمی كوردستانی عێراق” كە لەلایەن ئەنجومەنی بەڕیتانیەوە فەندێكی بەبڕی سەروو ۳۰۰ هەزار پاوەند بۆ دەرچووە و لەلایەن د. كلاودیا گلاتز لە زانكۆی گلاسگۆی بەڕیتانیەوە بەڕێوەدەبرێت، پڕۆژەكە چەند هاوبەشێكی لە چەند دەزگایەكی بەریتانی و ئەمەریكی و ناوخۆیی هەیە. د.ڕۆژین كەمال تاكە ئەكادیمی بوو لە هەرێمی كوردستانەوە كە بانگهێشت كرابوو بۆ پێشكەشكردنی بابەت شان بەشانی مامۆستا و توێژەرە بەڕیتانی و ئەمەریكیەكە لە تیمی پڕۆژەكە.
لەبەر سەرسامبوونی تیمە بەڕیتانیەكە بە ئاستی زانستی و شارەزایی لە بواری مۆزەخانە و پاراستنی كەلەپووری بە تەكنەلۆجیای نوێ و پڕۆژە پەیوەندیدارەكانی پێشووی مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە كەنەدا و نیوزلەندا و ئەزموونی ئێستای لە نووسین و بەڕێوەبردنی فەند بۆ پڕۆژە توێژینەوە، تیمە بەڕیتانیەكە داوای ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشیان لە مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكینكی كرد لە داهاتوویەكی نزیكدا.
جێگەی خۆشحاڵییە كە ئاستی زانستی و دەستكەوتە زانستییە ناوخۆیی و نێودەڵەتییە ئاست بەرزەكانی د.ڕۆژین كەمال بوونەتە هۆی بەدەستهێنانی متمانەی دەزگا ئەكادیمی و زانكۆ بەڕیتانی و ئەورپی و كەنەدی و ئەمەریكیەكان، كار و چالاكی و پڕۆژە هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەگەشەكردنێكی بەردەوام و خێرادایە.
بۆ خوێندنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر وۆركشۆپەكان و پڕۆژەكەی زانكۆی گلاسگۆ و هاوبەشەكانی، سەردانی ئەم لینكە بكە.