دوو سیمیناری میدیایی لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكان پێشكەشكران
لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/2/27 دوو سیمیناری میدیایی لەژێری ناوەكانی (تاوانەكانی بڵاوكردنەوە لەبەر رۆشنایی یاسای رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستاندا) و (ڕووماڵی كاروباری توركیا لە رۆژنامەكانی كوردستاندا) بەڕێوەچوون.
سیمیناری (تاوانەكانی بڵاوكردنەوە لەبەر رۆشنایی یاسای رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستاندا) لەلایەن د.كارزان محەمەد و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە مامۆستایان و خوێندكارانی بەشی تەكنیكی میدیا پێشكەشكرا و تیشكخرایە سەر ئەو بابەتە ڕۆژنامەوانییانەی لە دەزگا میدیاییەكان بڵاودەكرێتەوە و دەچێتە چوارچێوەی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەوە.
هەروەها د.كارزان محەمەد روونكردنەوەی بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگا راگەیاندنەكان دا كاتێك بابەتێكی رۆژنامەنووسی بڵاودەكەنەوە ئاگاداری ئەو یاسایانە بن كە دەبنە خۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی و تاك، ئاماژەش بەو سزایانە كرا كە دواتر رووبەڕووی دەبنەوە بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی بڵاوكردنەوەوە.
سیمیناری دووەم لەلایەن پ.ی.د.یەحیا عومەر ریشاویی بەناونیشانی (ڕووماڵی كاروباری توركیا لە ڕۆژنامەكانی كوردستاندا) پێشكەشكرا، كە تیایدا توێژینەوەیەك خرایەڕوو كە خۆی دەبینییەوە لە بەراوردكارییەك لە نێوان هەردوو رۆژنامەی رووداو و ئاوێنە و بابەتە بڵاوكراوەكانی نێو هەردوو رۆژنامەكە پەیوەست بە توركیا، هەموو ئەو بابەتانە بە داتا خرانەڕوو كە لە ماوەی ساڵی 2015 بۆ 2016 پەیوەست بە توركیا لەو دوو رۆژنامەیە بڵاوكراونەتەوە.
پ.ی.د.یەحیا عومەر ریشاویی بە ژمارە ئەوەی خستەڕوو كە ئەو دوو رۆژنامەیە چەند بابەتەكانیان لەسەر دۆخی توركیا لایەنگری تێدا بووە و سەرچاوەی دەستكەوتنی زانیارییەكانیش ئاماژەی پێكرا بوو.
لە كۆتایی هەردوو سیمینارەكەدا مامۆستایان و خوێندكارانی ئامادەبووان، چەندین پرسیاریان كرد و بە وەڵامدانەوە و گفتوگۆ و روونكردنەوە كۆتایی بە سیمینارەكان هات.