Back

مامۆستایەکی زانکۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بانگهێشت دەکرێت بۆ کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتی دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەڕیتانی

لەدرێژەی چالاکیە نێودەوڵەتیەکانی دا، بەڕێز د. ڕۆژین کمال محمدامین، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپی کەلەپووری کلتووری دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شار لە کۆلێجی تەکنیکی ئەندازیاری، لەلایەن دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەڕیتانیەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ کۆبوونەوەیەکی نێودەوەڵەتی کە بۆ ژمارەیەک لە هەڵسەنگێنەرە نێودەوڵەتیەکانی دەزگاکە ئەنجامدرابوو. کۆبوونەوەکە بە بەشداری زیاد لە ۷۰ هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی دەزگاکە لە ۳٥ ووڵاتی جیاوە لە شاری بانکۆگ لە ووڵاتی تایلاند لە ۱۲-۱٤ ی شوبات بەڕێوە چوو. وەک یەکێک لە هەڵسەنگێنەرە نێودەوڵەتیەکانی دەزگا بەڕیتانیەکە و تاکە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی ئەو دەزگایە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری عێراقیشەوە لە ساڵی ۲۰۱۸ ەوە، د. ڕۆژین کمال هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە توێژینەوە نێودەوڵەتیە فرەپسپۆڕی و نێوپسپۆڕیە گەورەکانی دەزگاکە ئەنجام داوە و ئەنجام دەدات کەبوودجەکانیان فرە ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینیە. لە کۆبوونەوەکەدا، دەزگا بەڕیتانیەکە لە ڕێگەی چالاکی جیاوازەوە، سەرنج وتێبینی هەڵسەنگێنەرە ئەندامەکانی وەردەگرت بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە و پێشینەکانی دەزگاکە بۆ پڕۆژە هەڵبژێراوەکان و مەرج و هەنگاوەکانی هەڵسەنگاندنی پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە توێژینەوەکانی پێشکەش بەدەزگاکە دەکرێت لە ڕێگەی فەندە جیاوازەکانیانەوە. بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئاشناکردنی ئەندامەکان بە فەندە جیاوازەکانی دەزگاکە خۆی و هاندانی ئەندامە هەڵسەنگێنەرەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە توێژینەوەی فرەپسپۆڕی هاوبەش و پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵ بۆ وەرگرتنی فەند لە دەزگا بەڕیتانیەکە. لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەمەبەستی بەرچاو ڕوونترکردنی هەڵسەنگێنەران لە کۆی پڕۆسێسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی پڕۆپۆزەڵە پێشکەشکراوەکانی دەزگاکە، لەڕێگەی کار و گفتوگۆی گروپەوە، ئەندامەکان بە پڕۆسێسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی دوو پڕۆژەدا بران وەک نموونە. هەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، د. ڕۆژین و چەند هاوەڵێکی تری لە هەڵسەنگێنەرە نێودەوڵەتیەکانی ووڵاتانی تر، لە ڕێگەی پۆستەرەوە بوارەکانی توێژینەوە و چالاکی و پڕۆژە توێژینەوەکانیان بە گشت ئامادەبووان ئاشنا کرد بەمەبەستی دروست کردنی پردی ئاڵوگۆڕی زانستی و پڕۆژەی هاوبەشی نێودەوڵەتی. ژمارەیەک لەئامادەبووان لە بوار و ووڵاتی جیاوازەوە بایەخیان دەربڕی و پلانیان دانا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە توێژینەوەی هاوبەش لەگەڵ د. ڕۆژین کمال و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی. لەبەر بایەخیان بە کۆبوونەوەکە، سەفارەتی بەڕیتانی لە تایلاند ئەندامەکانی بۆ ئێوارەخوانێک بانگهێشت کرد و سوپاسی هەڵسەنگێنەرانی کرد بۆ کات و ماندوو بوونیان لە هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکانی دەزگا بەڕیتانیەکە. شایەنی باسە دەزگای توێژینەوە وداهێنانی بەڕیتانی گەورەترین دەزگای فەندی توێژینەوەی بەڕیتانیە کەکۆکەرەوەی هەشت ئەنجوومەنە توێژینەوە سەرەکیەکەی بەڕیتانیایە بۆ زانستە پراکتیکی و مرۆڤایەتیەکان و بوودجەی دەزگاکە سەروو ٦ بلیۆن پاوەندی ئیستەرلینیە کە لەلایەن حکومەتی بەڕیتانیاوە دابین دەکرێت. بوودجەی سەفەر کردن و مانەوەی د. ڕۆژین کمال و گشت ئەندامە هەڵسەنگێنەرەکانی ووڵاتە جیاجیاکان لە لایەن دەزگاکە و سەفارەتی بەڕیتانی لە تایلاندەوە دابین کرابوو. بانگهێشت کردن و بەشداری کردنی مامۆستاکەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکی بەرزترین دەزگای توێژینەوە و فەندی بەڕیتانیا، شایەتی ڕۆڵ و چالاکیی ئەکادیمیانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile