سیمپۆزیۆمێكی تایبەت بە مەشقی هاوینەی خوێندكاران بەڕێوەچوو
بەناونیشانی (مەشقی خوێندكاران و ئاكامەكانی لە نێوان زانكۆ و بازاڕی كاردا) پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2019/2/20 سیمپۆزیۆمێك لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو.
سیمپۆزیۆمەكە لەلایەن د.عوسمان عەبدولقادر سەرۆكی بەشی تەكنیكی دارایی و ژمێریاری، ئەحمەد سەعید ئەحمەد بەڕێوەبەری ناوەندی پەرەپێدانی كارگێڕی لە سلێمانی، دڵشاد عەبدلحەمید مستەفا بەڕێوەبەری خەزنەی كارگەی چیمەنتۆی گاسن، سەردار سەعید محەمەد بەڕێوەبەری كارگەی چیمەنتۆی گاسن، پێشكەشكرا.
لە سیمپۆزیۆمەدا تیشك خرایە سەر مەشقی هاوینەی خوێندكاران و ئەو بەربەست و گرفتانەی ڕوبەڕووی خوێندكاران دەبێتەوە كاتێك دەچنە كەرتێكی گشتی بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوینە، هەروەها هانی خوێندكاران درا كە پێویستە كاتێك لە مەشقی هاوینەدا دەبن، هەموو توانا و وزەی خۆیان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە ئەزموونی پراكتیكی وەربگرن لە كاتی مەشقی هاوینەدا، لە بەشێكی تری سیمپۆزیۆمەكەدا چەندین پێشنیار خرانەڕوو لەپێناو زیاتر جێكردنەوەی خوێندكاران لە دامەزراوەكاندا و چارەسەركردنی گرفتەكانیان كە لەكاتی مەشقی هاوینە رووبەڕوویان دەبێتەوە، هاوكات زۆربەی ئامادەبووان بە پێویستیان زانی كە مەشقی خوێندكاران لە مەشقی هاوینەوە بگۆڕێت بە مەشقی یەك ساڵە و لە هەمان كاتدا لە لایەن حكومەتەوە بكرێتە مەرج بۆ كۆمپانیا و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت كە دەبێت خوێندكاران بۆ مەشقكردن وەربگیرێن.
سیۆمپۆزیۆمەكە بە پرسیار و وەڵامی مامۆستایان و خوێندكاران و رێكخەرانی سیمپۆزیۆمی مەشقی خوێندكاران و ئاكامەكانی لە نێوان زانكۆ و بازاڕی كاردا كۆتایی هات.