خوێندكاران بەگەشتێكی زانستی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان و میدیای كوردسات بەسەردەكەنەوە
بەئامانجی زیاتر قاڵبوونەوە و شارەزایی لە وانە تیۆرییەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و بنەماكانی بازاڕگەرییدا، رۆژی سێشەممە 19ی شوباتی 2019 خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و بەبازاڕكردنی پەیمانگای تەكنیكی دوكان گەشتێكی زانستییان بۆ هەریەك لە گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان و دەزگای میدیایی كوردسات ئەنجامدا.
لەمیانی ئەو گەشتە زانستییەدا، بەرپرسانی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان ئاماژەیان بە سەرجەم ئەو بوارانە كرد كە كۆمپانیاكانیان كاری تیادەكەن لەوانە ( پەروەردە و خوێندن باڵا، وزە و سەرچاوە سروشتییەكان، بیناسازی، خواردەمەنیی و بابەتەكانی پاككردنەوە) هاوكات شێوازی ریكلامكردن و چۆنیەتی بازاڕگەری بۆ بەرهەمەكانیان و دروستكردنی پەیوەندیی لەگەڵ راگەیاندنەكاندا بۆ خوێندكاران روونكرانەوە و دواتر چەند پرۆژەیەكی پەروەردەیی و بیناسازیی و تەرفیهیی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان لەنێو بەرزاییەكانی سلێمانی بەسەركرانەوە.
پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بەرپرسانی دەزگای میدیایی كوردسات پێشوازیان لە خوێندكارەكان كرد و خوێندكاران بە بەشە جیاوازەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكانی كوردسات و شێوازی كاركردنیان و چۆنیەتی پابەندبوونیان بە پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن ئاشناكران، هاوكات ستۆدیۆی چەند بەرنامەیەك و ژووری هەواڵی كەناڵەكانی كوردسات بەخوێندكاران ناسێندران.
لە گەشتە زانستییەكانیاندا خوێندكاران بەتامەزرۆییەوە پرسیاریان لە بەرپرسانی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان و دەزگای میدیایی كوردسات كرد و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندن و شێوازی كاری راگەیاندن و بازاڕگەری لە دەزگا و كۆمپانیا ناحكومییەكاندا كرد.