Back

د.یوسف گۆران: ده‌بێت زانكۆ و شار هه‌ماهه‌نگ بن بۆ سه‌قامگیری ئابوری و دروستكردنی هه‌لی كار

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: مێژوی گه‌شه‌سه‌ندنی زانكۆ به‌سێ قۆناخی گرنگدا تێپه‌ڕبوه‌، بۆ ده‌بێ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان خۆیان بگه‌ێننه‌ قۆناخی سێیه‌می زانكۆكان، بۆ ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یاند: پێویست زانكۆ و شار هه‌ماهه‌نگ بن له‌ پێناو سه‌قامگیر و گه‌شه‌پێدانی ئابوری و دروستكردنی هه‌لی كار. ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (19/2/2019) له‌ میانه‌ی پێشكه‌شكردنی بابه‌تێكیدا هات، كه‌ له‌ پانێڵی (ڕۆڵی زانكۆ له‌ دانانی له‌ دانانی بناخه‌یه‌كی ئابوری به‌هێز بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه) به‌ڕێوه‌چو. له‌و پانێڵه‌دا، كه‌ له‌ هۆڵی (پ.د.مسته‌فا زه‌ڵمی) له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ئاماده‌بونی ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و، د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.ته‌حسین عبدالكریم سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایان و توێژه‌ران و خوێندكاران و لێپرسراوانی دامه‌زراوه‌ حكومی و حزبیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چو، به‌ساتێك ڕێزلێنان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستپێكرد. پاشان، د.ته‌حسین عه‌بدالكریم زه‌نگه‌نه‌ سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ وته‌یه‌كیدا به‌ناوی زانكۆكه‌یان به‌خێرهێنانی له‌ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و میوانان كرد، پاشان باسی له‌ گرنگی ئه‌و پانێڵه ‌كرد بۆ بونیاندنی شار، هیواشی خواست ده‌رچوانی زانكۆ سود له‌و پانێڵه‌ وه‌ربگرن بۆ دامه‌زراندن و چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار، داواشی له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كان كرد لقی كۆمپانیاكان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ك پێشنیازی كردنه‌وه‌ی یه‌كێتی ژوره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ كرد، هیواشی خواست پانێڵه‌كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ی بواری ئابوری هه‌ڵه‌بجه هه‌بێ‌. پاشان بابه‌ته‌كانی پانێڵی (ڕۆڵی زانكۆ له‌ دانانی له‌ دانانی بناخه‌یه‌كی ئابوری به‌هێز بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه) له‌لایه‌ن د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، كاوه‌ عه‌لی جێگری پارێزگار، ئاكۆ محمد تۆفیق مامۆستای زانكۆ و ئاكۆ ئیبراهیم مامۆستای زانكۆ ده‌ستپیكرد. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌ره‌تا د.یوسف گۆران باسی له‌ ڕۆڵ و ئه‌ركی زانكۆ و خوێندنی باڵا كرد و ڕایگه‌یاند:ئه‌م بابه‌ته‌ی كه‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌‌ ده‌ستنیشانیكردوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین بابه‌تێكی زۆر گرنگه‌ بۆ خوێندن و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: كاتێك قسه‌ له‌سه‌ر زانكۆ و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ین ده‌بێ بزانین ئێستا له‌ چ قۆناخێكی مێژویداین، چونكه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌سه‌رده‌مانێكدا ده‌ژین گۆڕانكاری گه‌وره‌ له ‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ڕویدا‌ و، ڕۆڵی حكومه‌ت، په‌روه‌رده‌، خوێندنی باڵا و زانكۆ ڕویداوه‌. وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ ڕۆڵی خوێندكاران له‌ داهاتوی كۆمه‌ڵگه‌ كرد و وتی: كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خوێندكارانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ داهاتودا ده‌چنه‌ بازاری كار و، نازانن كاریان ده‌سده‌كه‌وێ یاخود نا؟ وتیشی باسی زانكۆ‌یه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌ركی زۆر گۆڕاوه.. له‌ته‌وه‌ڕێكی دیكه‌ی باسه‌كه‌یدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی قۆناخبه‌ندیه‌كانی گه‌شه‌كردنی مێژوی زانكۆكان كرد و وتی:‌ به‌پێیی ئه‌و پۆلبه‌ندیه‌ی هه‌یه‌ زانكۆكانی جیهان سێ قۆناخیان بڕیوه تا گه‌یشتون به‌ئه‌مڕۆ، بۆ ئه‌وه‌ش وتی:‌ له‌ قۆناخی یه‌كه‌مدا زانكۆكان بونیادنراون، ڕونیكرده‌وه‌ له‌و قۆناخه‌دا ئه‌ركی زانكۆ به‌رگریكردن بوه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك به‌هاو زانست و، زانكۆ هه‌وڵیده‌دا حه‌قیقه‌تی ئه‌و زانستانه‌ بسه‌لمێنێ كه‌ هه‌بون،بۆ قۆناخی دوه‌میش د.یوسف گۆران وتی:‌ له‌م قۆناخه‌دا‌ ئه‌ركی زانكۆكان بریتی بوه‌ له‌ به‌خشینی زانست و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ و پێگه‌یاندنی خوێندكاریان له‌سه‌ر بنه‌مای زانست و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و دامه‌زراوه‌ ڕه‌سمیه‌كان، به‌ڵام نه‌وه‌ی سێیه‌می زانكۆكان ئه‌و زانكۆیانه‌ن كه‌ تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بن و له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆجی و گه‌شه‌كردن و گۆڕانكارییه‌كانی ده‌وره‌وبه‌ر و جیهان خۆیان ده‌گونجێنن و خوێندكار بۆ داهاتویه‌كی دور ئاماده‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی زانكۆ خوێندكار ته‌نها بۆ بازاری كار كار ناكه‌ن، به‌ڵكو كار بۆ گه‌شه‌پیدانی بواری ئابوری و ته‌كنه‌لۆجی ده‌كات، ئاشكراشیكرد‌ نه‌وه‌ی سێیه‌می زانكۆكان تازه‌ خه‌ریكه‌ له‌ كوردستان ده‌رده‌كه‌وێ، وتیشی ده‌بێ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ زانستیه‌ی له‌ زانكۆ دروست ده‌كرێ، ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ بازار و گه‌شه‌كردنی ئابوریدا بێ. له‌ ته‌وه‌ڕێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی باسی له‌مقۆناخه‌ مێژویه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی كرد و وتی: ئێستا له‌ قۆناخی به‌جیهانیبونداین، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات زانكۆكان كارامه‌ی و ڕۆڵی سه‌ره‌كی ببینن له‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار، چونكه‌ دوای (5) ساڵی دیكه‌ ئه‌وانه‌ی زانكۆ ئاماده‌ی‌ نه‌كردبن بۆ بازار كار و سكیڵ و ده‌ست ڕه‌نگیانیان نه‌بێ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانن كار بدۆزنه‌وه،‌ وتیشی ئه‌مه‌ نه‌ك له‌ كوردستان به‌ڵكو له‌سه‌رانسه‌ری جیهان و وڵاتانی پێشكه‌وتو ڕاسته‌،‌ بۆیه‌ ده‌بێ زانكۆكان خوێندكار وا ڕابهێینن شوێن پێیی خۆی بدۆزیته‌وه، چونكه‌ ‌گه‌وره‌ترین شه‌ڕ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، شه‌ڕی ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌لی كاره‌ بۆ میلله‌تان و نه‌وه‌ی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: ئه‌ركی زانكۆكان ئه‌وه‌یه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریان بگونجێنن و، ده‌بێ بزانین پاش (5) ساڵی دیكه‌ ته‌كنه‌لۆجیا چی ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه، وتیشی‌‌ زانكۆ جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌ركی سێیه‌میان بریتیه‌ له‌ پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ بۆ بازاری كار و خۆگونجانیان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانه‌كانی داهاتوی كۆمه‌ڵگه‌. هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی باسه‌كه‌یدا، د.یوسف گۆران باسی له‌ ستراتیجی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند: ستراتیجی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كردنه‌وه‌ی به‌ش و كۆلێج و زانكۆی نوێ بۆ مامۆستا نیه‌،‌ به‌ڵكو به‌ش و كولێج و زانكۆ بۆ خوێندكار ده‌كه‌ینه‌وه،‌ ده‌مانه‌وی ئه‌وانه‌ی به‌شیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ دواڕۆژدا كار بدۆزنه‌وه،‌ چونكه‌ له‌ پاش (10) ساڵی دیكه‌ (50%) ئه‌و كارانه‌ی ئێستا هه‌ن نامێنن، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: نابێ به‌ش بۆ كردنه‌وه‌ی مامۆستا بكه‌ینه‌وه،‌ به‌ڵكو ده‌بێ به‌شێك بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ دوای چه‌ند ساڵی داهاتو چ شتێك لێره‌ هه‌یه‌ كاری له‌سه‌ر بكات و خوێندكار و كادیری لێهاتوی بۆ ئاماده‌ بكات، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، كه‌ له‌ ئیستا له‌ وه‌زاره‌ت كار له‌سه‌ر گۆڕێنی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن ده‌كه‌ن، ڕونتر وتی: به‌رنامه‌یه‌كی ناوه‌ندی له‌ وه‌زاره‌ت هه‌یه، كه‌‌ تایبه‌ته‌ به‌گۆڕینی شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌، وتیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ڕاوه‌ندی یه‌كه‌مدا (33) مامۆستامان له‌زانكۆكان ڕه‌وانه‌ی وڵاتێكی پێشكه‌وتو كردوه، كه‌ ئه‌وه‌ش فنلانده‌، چونكه‌ خاوه‌ن ئه‌زمونێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: له‌ داهاتوه‌یه‌كی نزیكدا (25) مامۆستای دیكه‌ وه‌ك ڕاوه‌ندی دوه‌م ڕه‌وانه‌ی هه‌مان وڵات ده‌كه‌ن، وتیشی ئامانجامن له‌و پڕۆژه‌یه‌‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خوێندكار بكه‌ینه‌ ناوه‌ندی خوێندن، چونكه‌ ئه‌و پرۆگرام و شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، خوێندكار چه‌قی خوێندن نیه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند: به‌پێیی ئه‌و ستراتیجی كاركردنه‌ی دامانڕشتوه‌ هه‌مو سوچكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌‌ كشتوكاڵ و ته‌كنه‌لۆجیا و ئابوری بگره‌ تا سیاسی و یاسایی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بكه‌ینه‌‌ ناوه‌ندی فێركردن و، خوێندكاران زۆربه‌ی كاته‌كانیان له‌ شوێنی فێركردن ببنه‌ سه‌ر نه‌ك له‌ وانه‌ی تیوری و له‌ ناو هۆڵه‌كان، ڕاشیگه‌یاند: كه‌ وه‌ك وه‌زاره‌ت چاومان له‌وه‌یه‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ینه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕاكیشانی خوێندكاران و ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئابوری، به‌شێوه‌یه‌ك خوێندكاران له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ كێش‌ بكات، به‌وه‌ش زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌‌ ده‌توانێ ببێته‌ ناوه‌ندیكی بواژنه‌وه‌ی شار وه‌ك چۆن له‌ زۆربه‌ی وڵاتان زانكۆ بۆته‌ بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك شار، ئه‌وه‌شی ڕایگه‌یاند: بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ مامۆستایانی زانكۆ و سه‌رمایه‌داران و كارسازان و پیشه‌وه‌ران هه‌ماهه‌نگ و هاوكار بن تا بتوانن پشت به‌خۆتان ببه‌ستن و، نه‌ك چاوتان له‌ شوینی دیكه‌ بێ، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌توانین مۆدێلێكی تازه‌ له‌ بزنسس و ئابوری له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروست بكه‌ین و، هه‌ڵه‌بجه‌ ببێته‌‌ ناوه‌ندێكی گرنگی گه‌شه‌پێدان و  یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركه‌وتوترین شاره‌كانی كوردستان و ئێراق و ناوچه‌كه‌. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له‌ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، كاوه‌ عه‌لی جێگری پارێزگار، ئاكۆ محمد تۆفیق مامۆستای زانكۆ و ئاكۆ ئیبراهیم مامۆستای زانكۆ به‌جیا باسه‌كانیان پێشكه‌شكرد و، له‌ ڕوانگه‌ی جیاوازه‌ باسیان له‌ ته‌وه‌ره‌كه‌ و‌ ڕۆڵی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كرد، پانێڵه‌كه‌ به‌پێشكه‌شكردنی چه‌ند پرسیارێك و وڵامدانه‌وه‌یان له‌لایه‌ن پانێڵسته‌كانه‌وه‌ كۆتایی پێهات. پێشتر و هه‌ر، له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ردانی دیوانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و، به‌گه‌رمی له‌لایه‌ن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ پێشوازی لێكرا. له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د،ته‌حسین عبدالكریم سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و، كاوه‌ عه‌لی جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی گه‌شه‌پێدانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و پێداویستیه‌كان و، هه‌نگاوه‌ كۆتاییه‌كانی جێبه‌جێكردنی پارێزگاكه‌ و، دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان كرا.  
This shortcode LP Profile only use on the page Profile