وادەی تاقیكردنەوەی كۆتایی كۆرسەكانی زمانی ئینگلیزی دیاریكرا
لەمیانی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی كوردستان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: سێنتەرەكانی زمان دەكەینە ناوەندی پەرەپیدانی زمانی ئینگلیزی و پێگەیاندنی كادیری كارامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (13/2/2019) د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی زمانی لە زانكۆكانی كوردستان كرد و رایگەیاند: بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی یەكێكە لە پڕۆژە هەر ستراتیجیەكانی وەزارەت، بۆیە ئەخوازین لە پاڵ بەشەكانی زمانی ئینگلیزی، سێنتەرەكانی زمان بكەینە ناوەندی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی و پێگەیاندنی كادیری كارامە، هەربۆیە بایەخ و پشتیوانی تەواوی سێنتەرەكان دەكەین.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی سەرپەرشتیكردن و دانانی پرسیارەكانی كۆتا خولەكانی پەرەپێدانی زمانی ئینگلیزی لە سینتەرەكانی زمانی ئینگلیزی بۆ كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی كرا، بۆ ئەوەش دوای تاوتوێكردنی سەرجەم لایەنەكانی ئەو بابەتە، ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە دران:
1.ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ڕێكەوتی (18/2/2019) تاقیكردنەوەی ئاستەكانی (Intermediate, Upper Intermediate, Pre-Advance, Advance) دەكرێت.
2.ڕۆژی یەكشەممەی دواتر ڕێكەوتی (24/2/2019) تاقیكردنەوەی ئاستەكانی (Pre-Intermediate, Elementary، intro (Beginner) ) دەكرێت.
3.تاقیكردنەوەكان تەنها (Grammar , Reading, Writing) دەكرێت.
4.سەعات (11) كاتی تاقیكردنەوەیە لە یەك كاتدا لە شوێنی دیاریكراو بەڕێوەدەچێت، بۆیە باشتر بەشداربووانی تاقیكردنەوەی سەعاتێك پێشتر لە شوێنی تاقیكردنەوەكە ئامادە بن.
5.وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چاودێری بەرێوەچوونی پڕۆسەكە دەكات، هەروەك ڕێكخراوی ئیمدیست بەهاوكاری سێنتەرەكانی زمان سەرپەرشتی دانانی پرسیارەكان و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكە و راگەیاندنی ئەنجامەكان دەكات.