ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی 38هەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی دەستیپێكرد
لە سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكاری 38هەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی رێكخراوی عەرەبی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆمار لە زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچوو، كە بۆ یەكەمینجارە دوای 43 ساڵ لە دامەزراندنی رێكخراوەكە ئەو جۆرە كۆنفرانسە لە عێراق بەڕێوەبچێت و لەلایەن زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییەوە میواندار و سەرپەرشتی دەكرێت.
كۆبوونەوەكە بەسەرپەرشتی م.بەختیار عبید شریف بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆ و ئامادەبوونی د.دلێر رۆستەم بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی هەولێری پزیشكی و م.سەرسام خەلیل شوانی بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بەڕێوەچوو، كە تێیدا تیشكخرایە سەر ئامادەكارییەكانی كۆنفڕانس و پێكهێنانی تیمی تایبەت بەپێشوازی لە میوانانی وڵاتانی دەرەوە و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ سەرخستنی كۆنفڕانسەكە، هەروەها پێكهێنانی تیمێك بۆ سەردانكردنی زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكان بۆ بانگهێشتكردنیان و بەشداریكردنیان لە كۆنفڕانسەكەدا.
وە بڕیاردرا ئەم كۆبوونەوانە بەردەوام بێت بۆ ئامادەكارییەك لە ئاست و ناو و ناوبانگی زانكۆ و هەرێمی كوردستان و عێراقدا بێت كە یە كەمینجارە دوای 43 ساڵ لە دامەزراندنی رێكخراوی عە رە بی بۆ لێپرسراوانی وەرگرتن و تۆمار لە زانكۆكانی وڵاتانی عە رە بی لە عێراق بەڕێوەدەچێت.