وەزیری خوێندنی باڵا: گۆڕانكاری لە پرۆگرامی پزیشكی رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی ئەكادیمی و سێكتەری پزیشكی دەبێت
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژەكانی پزیشكی كرد و رایگەیاند: وەزارەت دەخوازێت بەشێوەیەك گۆڕانكاری لە پڕۆگرامەكانی خوێندن بكات لە كۆلێژەكانی پزیشكی كە خزمەتە بە تاكەكانی كۆمەڵگە بكات.
هەر لەمیانی كۆبوونەوەكەدا د.یوسف گۆران وتی: خوێندنی پزیشكی یەكێكە لە سێكتەرە هەر گرنگ و هەستیارەكانی كۆمەڵگە، بۆیە دەبێت بەشێوەیەك كادیر لەو بوارە پێبگەێنین، كە نەك هەر لە بازاڕی كاری كوردستان، بەڵكو بتوانن لە وڵاتانی دیكەشدا كار بكات، وتیشی بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستیمان بەمۆدێلێكی تازە هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی لە پێویستی چاكسازی و گەشەپێدانی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژەكانی پزیشكی كردەوە و ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە گۆڕانكارییە نوێیەكان وەربگرین و گۆڕانكاری لە بواری خوێندنی ئەكادیمی و پزیشكی بكەین، دەبێت بەرنامەیەكی تۆكمە دابڕێژین، هەربۆیە گەشەكردن و چاكسازی لە بواری گۆڕینی سیستمی پزیشكی لە پێشینەی كارەكانمانە، روونیشیكردەوە ئەو سیستمەی ئێستا لە كۆلێژەكانی پزیشكی دەخوێندرێت سیستمێكی بەریتانیە بەڵام كۆنە، لەبەرئەوە دەبێت پەیڕەوەی ئەو سیستمە نوێیە بكەین، كە ئێستا لە بەریتانیا كاری پێدەكرێت، بۆ گەیشتن بەو سیستمە نوێیەش هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتی بۆ لیژنەكە دووپاتكردەوە.