زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی پرۆتۆكۆلێكی هاوبەش واژۆ دەكەن
بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ خوێندكارە دەرچووەكانی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پرۆتۆكۆلێكی هاوبەشی كاركردنی لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی واژۆكرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 2019/2/11 لە ژووری بازرگانی سلێمانی بەئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی و پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاردەیدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و پ.ی.د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری دارایی و خوێندكاران پ.ی.د.حەكیم عوسمان راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی و بەختیار عوبێد شەریف لێپرسراوی پەیوەندییەكانی زانكۆ و كەناڵەكانی راگەیاند، پرۆتۆكۆلێكی هاوبەشی كاركردن لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی لەلایەن پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و سیروان محەمەد واژۆكراو لەپێناو رەخساندنی هەلی كار بۆ خوێندكاران و بەگەڕخستنەوەی پرۆژەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و هتد…
پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەریەك لە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئامانجی ئەم لێكتێگەیشتنەیان خستەڕوو، كە لە سەرەتادا سیروان محەمەد ئاماژەی بەگرنگی كاری هاوبەش كرد لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و رایگەیاند: ئەمڕۆ بە رۆژێكی مێژوویی لە قەڵەم دەدەین كە لەگەڵ زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش بەمەبەستی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان و بەگەڕخستنەوەی كۆمەڵێك پرۆژەی گرنگ لە شاری سلێمانی وەكو پرۆژەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و پەلەوەرییەكان.
سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند: ئەم پرۆژە رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ گەنجەكانمان كە بتوانن لە كەرتی تایبەتدا كاربكەن و ئەو قورسایەیی هەیە لەسەر حكومەتی هەرێم كەم ببێتەوە.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: سوپاسی ژووری بازرگانی سلێمانی دەكەین كە توانیمان پێكەوە ئەم پرۆتۆكۆلە واژۆ بكەین، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕەچاوكردنی ئەو تایبەتمەندییانەی هەیەتی كە زانكۆیەكی تەكنیكی پیشەییە و لەپێناو رەخساندنی هەلی كار بۆ خوێندكارە دەرچووەكانی بە پێویستی زانی ئەم لێكتێگەیشتنە ئەنجام بدات، لەبەرئەوەی كاری ریفۆرمی زانكۆ پۆلیتەكنیكیەكان كە بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەدەچێت و زۆربەی كارەكانی خۆی لە چۆنێتی گونجاندنی زانكۆی پۆلیتەكنیك لەگەڵ بازاڕی كاردا دەبینێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ژووری بازرگانی باشترین جێگایە بۆ ئەوەی زانكۆكانمان بگونجێنین لەگەڵ بازاڕی كاردا، بۆیە پێویستە لەسەر زانكۆكان هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ دەزگا و دەمەزراوە ناحكومییەكان هەبێت.
پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین وتیشی: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرنامەیەكی گونجاوی پەیڕەو كردووە بۆئەوەی بتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ واقعی بازاڕی كاردا لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی، هەروەها كار دەكەین لەسەر ئەو بوارانەی خواستی لەسەرە، وە كاردەكەین لەسەر چۆنێتی نوێكردنەوەی كارگەكان بە شێوازێكی سەردەمیانە لەپێناو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی جەختیكردەوە كە زانكۆكەمان هەمیشە كار بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی هەلی كاری پێویست بۆ خوێندكارە دەرچووكانی دەكات، كە توانای خوێندكارە دەرچووەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ببنە بنەمایەكی تەكنیكی و زانستی بۆ كارگە و كۆمپانیا و رێكخراوەكان، هەروەها وتیشی: زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە كە دەتوانێت بەپێی پرۆسەی ریفۆرم خولی راهێنانی پیشەیی سێ مانگ و شەش مانگ و نۆ مانگ و ساڵ بكاتەوە بۆ ئەو فێرخوازانەی دەیانەوێت لە بوارەكەیاندا پەرەبە تواناكانیان بدەن.
دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و سیروان محەمەد لۆگۆی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی لە نێوانیان ئاڵوگۆڕكرا.
شایەنی باسە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی تائێستا زیاتر لە 60 لێكتێگەیشتن و رێككەوتننامەی لەگەڵ زانكۆ و پەیمانگاكانی دەرەوە و ناوخۆ و دەزگاكانی راگەیاندن و كۆمپانیا و رێكخراوەكاندا هەیە.