وۆركشۆپی ( كەم ئاوی و كاریگەرییەكانی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ ) بەڕێوەچوو
پەیمانگای تەكنیكی كەلار بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی گەرمیان، وۆركشۆپێكیان بەناونیشانی ( كەم ئاوی و كاریگەرییەكانی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لە ناوچەی گەرمیان ) ئەنجامدا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠١٩/٢/٤ كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی سیمیناری پەیمانگای تەكنیكی كەلار و بەئامادەبوونی راگری پەیمانگا و یاریدەدەری ڕاگر و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ و لێپسراوانی رێكخراو و پسپۆرانی كشتوكاڵی ناوچەی گەرمیان، وۆركشۆپی ( كەم ئاوی و كاریگەرییەكانی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لە ناوچەی گەرمیان ) بەڕێوەچوو، لە وتەیەكدا د.چیا محەمەد حەسەن راگری پەیمانگای تەكنیكی كەلار دەستخۆشی ئاڕاستەی رێكخەرانی وۆركشۆپەكە كرد و رایگەیاند: كار و چالاكی لەم جۆرە گرنگی و سوودی هەمەجۆری هەیە بۆ كوردستان بە گشتی و ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی، هیوادارم ئەنجامی ئەم وۆركشۆپە ببێتە مایەی چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی لەسەر كەرتی كشتوكاڵی ناوچەی گەرمیان .
لە تەوەری یەكەم وۆركشۆپەكەدا ( گۆڕانكاری كەش و هەواو كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەی گەرمیان ) لەلایەن عەبدولمتەلیب رەفعەت سەرحەد مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان پێشكەشكرا و تێیدا بەگشتی باسی گۆڕانكاری كەش و هەوای كرد لەسەر ئاستی جیهان و پاشان بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان، هەروەها بەوردی باسی رێژەی بارانبارین و وشكەساڵی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا كرد لە ناوچەی گەرمیان.
تەوەرەی دووەمی لەلایەن د.یادگار عەلی مەحمود مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەناونیشانی ( ڕۆڵی پەروەردەی ڕووەك لەزیادكردنی بەرگری كەم ئاوی ) پێشكەشكرا، كە لەم تەوەرەدا بە گشتی باسی رێگاكانی زیادكردنی بەرگری رووەك كرا لەكاتی كەم ئاویدا، هەروەها مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشنیاری چاندنی ئەو رووەكانەی كرد كە بەرگری زیاتری كەم ئاوی دەگرن لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەمهێنانی جۆری نوێی ناوخۆیی زیاتر گونجاو بێت بۆ كەش و هەوای ناوچەی گەرمیان.
لە تەوەری سێیەم و كۆتاییدا ( رۆڵی دەزگا كشتوكاڵییەكان لە چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی ) لەلایەن خاتوو شادیە حسێن عەباس بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان پێشكەشكرا، لەم تەوەرەدا بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان تیشكی خستەسەر ئەوەی ئایا لە رووی كارگێرییەوە چی كراوە و لە داهاتوودا چی بكرێت بۆ زیاتر بەراوكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچەی گەرمیان، باسیشی لە زیادكردنی بەكارهێنانی سیستمی نوێی ئاودێری كرد وەكو دڵۆپاندن و پرژاندن بۆ ئاودێریكردنی رووبەرێكی زیاتری كشتوكاڵی ناوچەی گەرمیان .
لە كۆتایشدا بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی وۆركشۆپەكە دەرفەت بە ئامادەبووان درا ڕاو بۆچوون و سەرنجەكەنیان بخەنەڕوو، ئامادەبووانیش هیوایان خواست بۆ زیاتر خزمەتكردنی ناوچەی گەرمیان چالاكی زانستی لەم جۆرە بەردەوام بێت.