بڕیار لەبارەی شێواز و پلانی وەرگرتنی خوێندكاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەدرێت
لە كۆبوونەوەیەكدا بەسەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی شێواز و پلانەكانی وەرگرتنی خوێندكاران/قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندن تاوتوێكرا.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی (٥/٢/٢٠١٩) بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت، لە كۆبوونەوەیەكدا پلان و بەرنامەكانی وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنی خوێندكاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هەروەك چەند بابەتێكی گرنگ و پەیوەست بەشێوازی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان خرایەڕوو و بەرنامەی پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسێكی لەبارەی سیاسەت و بەرنامەی وەزارەت و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی پێشكەشكرد و دووپاتیكردەوە ئامانج لەم كۆبوونەوەیە دانانی میكانیزم و پلانی وەرگرتنە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەشێوەیەك پلانەكان هاوتەریب بێت بۆ سوودی دەرچووان و پێداویستی زانكۆ و پەیمانگەكان و پێداویستییەكانی بازاڕی كاری كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای وەرگرتن شێواز و بابەتەكانی تایبەت بە پلانی وەرگرتن بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
* راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی