سیمیناری چۆنیەتی بەكارهێنانی شێوازی ئۆنلاین بۆ وانەوتنەوە لە زانكۆ رێكخرا
لە هۆڵی سیمیناری كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكان سیمینارێك لە ژێرناوی “بەكارهێنانی شێوازی ئۆنلاین بۆ وانەوتنەوە لە زانكۆ” ڕێكخرا و تێیدا ئامادەبووان بەشێوەیەكی پراكتیكی بە وتنەوەی وانە بەو شێوازە پێشكەوتووە ئاشنا كران.
سیمینارەكە لەلایەن بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەرییەوە رێكخراو لەلایەن بەرێز د.كاروان عەلی سەرۆكی بەشەكەوە وترایەوەو بەشێك لە مامۆستایانی بەشە جیاوازەكانی كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی ئامادەی بوون.
وەك پێشتر بڵاوكرابووەوە ئامانج لە ڕێكخستنی سیمینارەكە ئاشناكردنی مامۆستایان بوو لە گرنگی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ بۆ پرۆسەی فێركردن، ئامانجێكی دیكەش ئاشناكردنی مامۆستایان بوو بە چۆنیەتی بەكارهێنانی پرۆگرامی (ZOOM)ی تایبەت بە پرۆسەی فێركردنی ئۆنلاین لە زانكۆ.
وتنەوەی وانەش بەشێوەی ئۆنلاین بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراق و ناوچەكەدا لە زانكۆیەكی كوردستان پەیڕەو كرا كە ئەویش زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بوو.
ڕێكخستنی ئەو سیمینارەش دوای ئەوە هات كە پێشتر ئەو سیستمە لە بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و بازاڕگەری پەیڕەو كراو سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بەجۆریك ئێستا بەشێك لە وانەكانی ئەو بەشە بەشێوەی ئۆنلاین لەلایەن مامۆستایانەوە دەوترێتەوە و لە ئێستاشدا كار بۆ ئەوە دەكرێت لە تەواوی بەشەكانی دیكەی كۆلێج و دواتریش لە تەواوی كۆلێج و بەشەكانی دیكەی زانكۆدا پەیڕەو بكرێت.