Back

زنجیرەیەك سیمینار لەچەند بوارێكی جیاوازدا پێشكەشكران

لە هۆڵی سیمیناری كۆلێجی تەكنیكی‌ كارگێڕی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لەلایەن مامۆستایانی بەشی تەكنیكی‌ كارگێڕییەوە پێنج سیمیناری گرنگ پێشكەشكران. سەرەتا وەك رێزلێنانێك لە ماندوبوونی مامۆستا (هادی عبدالحسین مگر) بەبۆنەی تەواوكردنی خزمەتی پیشەیی و خانەنشینبوونی بۆنەیەك رێكخرا و رۆڵی ئەو مامۆستایە لەبەرامبەر ئەو خزمەتەی ساڵانێكە پێشكەشی زانكۆی كردووە بەرزنرخێندرا، لای خۆشیەوە راگری كۆلێجی تەكنیكی‌ كارگێڕی رێزلێنانی تایبەتی پێشكەشكرد و هیوای خواست بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە رێگەی ئەو زانستەی لە هەگبەیدایە. پاشان یەكەمین سیمینار لەلایەن مامۆستا پێشڕەو مەحمود سەلمان بەناونیشانی (گەندەڵی و جۆرەكانی) پێشكەشكراو تیایدا باس لە جۆرەكانی گەندەڵی و هۆكارەكانی سەرهەڵدانی گەندەڵی و ئەو رێوشوێنانە كرد كە دەتوانرێت بگیرێنەبەر بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی گەندەڵی، ئاماژەی بەوەشكرد كە لەسەرجەم وڵاتان گەندەڵی هەیە بەڵام بەپێی سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە. دواتر م.بێژان حسێن یابە بەناونیشانی‌ (why we should learn foreign language) سیمینارێكی لەسەر گرنگی فێربوونی زمانی دووەم پێشكەشكرد و ئاماژەی بەو سوودانە كرد كە زانین و فێربوونی زمانی دووەم هەیەتی، بەتایبەت باسی لە گرنگی زمانی ئینگلیزی كرد كە لەئێستادا ئەو كەسانەی شارەزان لەو زمانەو دەتوانن قسەی پێ بكەن لە چەندین رووەوە لە ژیانی رۆژانەیاندا سودی لێدەبینن. دوابەدوای ئەویش، م.ئارینا مستەفا فەرەج بەناونیشانی ( الادارە المرئیە) سیمینارێكی پێشكەشكرد و باسی هێنانە كایەی ئەو جۆرەی سیستمی ئیدارە كرد كە لە یابانەوە سەریهەڵداوەو هۆكارێكی گرنگە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دەزگاو كۆمپانیا و شوێنە گرنگانەی تیایدا بە شێوەی سیستم كاری تێدادەكرێت، لەو روەوە شێوازەكانی چۆنیەتی كاركردنی ئەو جۆرە لە ئیدارەی خستەروو. لە سیمینارێكی تردا د.وجدان جاسم محەمەد بەناونیشانی (البقع العمیا‌‌و السلوكیە) سیمینارێكی بە زمانی عەرەبی پێشكەشی مامۆستایان و خوێندكاران كرد. لەدوا سیمیناردا م.داركۆ محەمەد جەزا بەناونیشانی (بنا‌‌و الپقە عند المدیر الناجح) باسی لە دروستكردنی متمانە كرد وەك بەشێك لە ئەركەكانی بەڕێوەبەر بۆ سەركەوتنی لە كارەكەیدا و هەموو ئەو هەنگاوە گرنگانەی دەستنیشانكرد كە پێویستە بەڕێوەبەرێك لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە بیگرێتەبەر لەپێناو پێشخستنی ئەو شوێنەی كاری تێدادەكات.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile