وۆرکشۆپێك بۆ پرۆفیسۆرێكی بهریتانی ڕێکدەخرێت
پڕۆژە توێژینەوەی تۆڕی کەلەپووری کەلتووری لە گروپی توێژینەوەی کەلەپوری کەلتوری دیجیتاڵی Digital Cultural Heritage (DCH) سەربە سەنتەری توێژینەوە وۆرکشۆپێك بۆ بەڕێز پرۆفیسۆر د. ڕۆجەر ماسیۆسڕێکدەخات بە ناونیشانی “ڕێبازە نێوەندەپسپۆڕییەکان بەرەو ڕابردوو: چۆن شوێنەوارناسی دەتوانێت پێشهاتی گرنگی ئەمڕۆبخاتە بەر باس”. لەم وۆرکشۆپەدا د. ماسیۆس ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن زانستی شوێنەوارناسی هاوچەرخ دەتوانێت لە بابەتەکانی وەك زۆربوونی دانیشتوان، دابین کردنی خۆراك و فرەیی کۆمەڵایەتی- کلتوری بکۆڵێتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشك دەخاتە سەرگواستنەوە لە قۆناغی ڕاوکردن بۆ قۆناغی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستانی عێراق ١٢٠٠٠ بۆ ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، بە بەکارهێنانی شوێنەوارەکانی زارزی، بێستانسور و شمشارە وەك نمونەی چۆنێتی سودوەرگرتنی شوێنەوارناسی هاوچەرخ لە زانیاری یەکخراوی بەرەیەکی فراوان لە پسپۆڕان.
پڕۆژەی تۆڕی کەلەپوری کەلتوری نێودەوڵەتی لە لایەن تۆڕی نەهرەین ی زانکۆی UCL ی بەریتانیەوە فەند کراوە بە هاوبەشی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، زانکی رێدینگ و زانکۆی لیستەر.
پرۆفیسۆر ڕۆجەر ماسیۆس مامۆستای شوێنەوارناسی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە زانکۆی ڕێدینگ لە بەریتانیا و سەرۆکی ڕێکخراوی RASHID International ـە. ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی مانچێستەر بڕوانامەی بەکالۆریوۆسی لە شوێنەوارناسی و مێژووی کۆن وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی ماستەر و ساڵی ١٩٩٠ دکتۆرای لە شوێنەوارناسی میزۆپۆتامیا لە زانکۆی کامبریج بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٨٦ تا ١٩٩٥ وەكو ئەمینداری کتێبخانە و بەڕێوەبەری کۆلێجی شوێنەوارناسی بەریتانی لە بەغداد کاری کردووە. لە عێراقدا سەرپەرشتی هەڵکۆڵینەکانی شوێنەواری جادمێت نەسر و هەروەها وەك بەڕێوەبەری مەیدانی شوێنەواری شاری سۆمەری ئەبو سەلامیخ کاری کردووە. لە ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦ هەڵکۆڵینەکانی گەورە شوێنەواری تەل براك لە سوریای بەڕێوەبردووە. وەك بەڕێوەبەری پەیمانگای بەریتانی شوێنەوارناسی لە ئەنکارا، لەو شارە لە ساڵەکانی ١٩٩٥ تا ٢٠٠١ ژیاوە. لەم ڕۆڵەدا پڕۆژەیەكی ڕووپێوی فرەماوەی بەڕێوەبردووە بە ناوی پرۆژەی پافلاگۆنیا. هەروەها وەكو بەڕێوەبەری مەیدانی لە شوێنەواری جاتال هۆیوك ی کەلەپوری جیهانی یونسکۆ لە تورکیا لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٦ کاری کردووە. لە ٢٠٠٦ بوو بە بەڕێوەبەری کۆلێجی شوێنەوارناسی بەریتانی لە عێراق کە لەم ڕۆڵەدا سەرپەرشتی گۆڕینی ئەم دامەزراوەیەی بۆ پەیمانگای بەریتانی بۆ دیراسەی عێراق کرد تا ساڵی ٢٠١٢.
بەروار: ڕۆژی سێ شەممە ٢٩ی ١ی ٢٠١٩
کاتژمێر: ١٠ی سەرلەبەیانی بۆ ١ی پاشنیوەڕۆ
شوێن: هۆڵی پیرەمێرد، نهۆمی زەمینی بینای سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، قڕگە (پشت بەنزینخانەی ووڵات).
* تێبینی: ئەم وۆرکشۆپە کراوەیە بۆ خوێندکاران، ئەندامانی فاکەڵتی و توێژەران لە پسپۆڕی جیاواز هەروەها ئەندامانی ئارەزومەند لە ڕێکخراوە گشتی یان حکومی و ناحکومییەکان.
بۆ خۆ تۆمار کردن تکایە لەم لینکەدا خۆت ناو نوس بکە. https://www.surveymonkey.com/r/mentica
یان ئەم کۆدە سکان بکە: