چوار مامۆستای زانكۆمان بەشداری لە گرووپی كار و كۆنفرانسی رێكخراوێكی ئەمریكیدا دەكەن
دوابەدوای هەڵبژاردنیان و كاركردنیان لەگەڵ ڕێكخراوی ئایرێكسی ئەمەریكی وەك ئەندامی بۆردی گرووپی كاری گەشەپێدانی هێزی كاری خوێندنی باڵا، بەڕێزان د.رۆژین كەمال و ئاودێر محەمەد مامۆستا لە كۆلێجی تەكنیكی ئەندازیاری و م.رێبوار مەلا نەبی و م.سەركار حسن خوێندكاری دكتۆرا و مامۆستا لە كۆلێجی تەكنیكی ئینفۆرماتیك و پەیمانگای زانستی كۆمپیوتەر، بەفەرمی بانگهێشت دەكرێن بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی هێزی كار كە بە هاوبەشی ڕێكخراوە ئەمریكییەكە و باڵیۆزخانەی ئەمریكا و وەزارەتی پلاندانان لە شاری بەغداد لە ۱۲ و ۱۳ی كانوونی یەكەمی ۲۰۱۸ ڕێكخرابوو.
لە كۆنفرانسەكەدا قسەكەرەكانی پانێڵەكان لە بڕیار بەدەستانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پلاندانان و نوێنەری كۆمپانیا گەورەكان و چەند ئەكادیمیەكی زانكۆ ئەمریكی و ناوخۆییەكان و بەشداربووان لە ئەندامانی بۆردی گرووپی كارەكانی ئایرێكس و بەڕێوەبەرانی سەنتەری كاری زانكۆكان و ئەكادیمی و پیشەییە پەیوەندیدارەكان لە كەرتی خوێندنی باڵا و دەزگا حكومی و كۆمپانیاكان لە كەرتی تایبەت، سەرنج و بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد سەبارەت بە بەستنەوەی مەنهەج و پڕۆژە و ڕاهێنانەكانی خوێندنی زانكۆ ناوخۆییەكان بە پێداویستیەكانی بازاڕ بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی بازاڕی كار و ئامادەكردنی دەرچووانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ بازاڕی كاری سەدەی ۲۱ و دەستكەوتنی توانستی و داهێنان بۆ بوون بە خاوەن كار.
شایەنی باسە كە ڕێكخراوی ئایرێكسی ئەمریكی ڕێكخراوێكی قازانج نەویستی ئەمركییە و كاردەكات لە بواری پەروەردە و گەشەپێدان لە 100 وڵات. بۆردی گرووپی كاری گەشەپێدانی هێزی كاری خوێندنی باڵا لە ڕێكخراوی ئایرێكس پێكهاتووە لە ئەكادیمی و مامۆستایانی خوێندنی باڵا كە ئەزموونی پێشینەیان هەیە لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەكادیمی و تێكەڵكردنی توانستەكانی سەدەی ۲۱ لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا.
ئەو گرووپی كاركردنانەی كە مامۆستاكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەندامێتی دەكەن لەلایەن ئایرێكسەوە دامەزراوە بۆ كاركردنی وەك پانێڵێكی ڕاوێژكاری بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەمەبەستی پەرەپێدانی چارەسەری كرداریی بۆ باشكردنی ئامادەیی و توانای دەرچووانی زانكۆ ناوخۆییەكان بۆ بازاڕی كار.
*بەڕێوەبەڕایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.