Back

د.یوسف گۆران: بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستمی تەندروستی دەبێت خوێندنی پزیشكی دابڕێژینەوە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو هەنگاوی گەورەمان لە بواری ڕیفۆرمی پرۆگرامی خوێندنی پزیشكی لە كۆلێجە پزیشكییەكان لە زانكۆكانی كوردستان ناوە و، هەوڵمانداوە بە وردی پێداچونەوە بەپڕۆسەی خوێندن و فێركردنی نەوەی تازەی پزیشكانی وڵاتەكەمان بكەین، بۆ ئەوەی سیستم و ناوەرۆكی پرۆگرامەكانی خوێندن و، ڕاهێنانی پزیشكی لەگەڵ گۆڕانكارییە زانستی و تەكنۆلۆجییەكانی دونیا هاوتەریب بكەین. ئەم جەختكردنەوەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێك هات، كە ئەمڕۆ سێشەممە (١٨/١٢/٢٠١٨) لە ڕێورەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان پێشكەشیكرد. د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: بەشانازییەوە ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕی لە (٢٥) بواری جیادا دەدرێتە (١٠٨) پزیشكی وڵاتەكەمان، كە دڵنیام ئەم پزیشكانەش هاوشانی دەرچووانی پێش خۆیان دەبنە بەشێكی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمەكەمان. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: ئەمساڵ لە هەنگاوێكی بوێرانەدا وەزارەتەكامان بڕیاریدا بە لابردنی میچی تاقیكردنەوەكانی بۆردی كوردستانی بۆ هەموو ئەو كاندیدانەی، كە لە پرۆگرامە جیاكان وەرگیراون، چونكە ئێمە باوەڕمان وایە هاوتای سیستمەكانی ڕاهێنانی پزیشكی لە وڵاتانی دونیا، نابێت هیچ پزیشككارێك لە پرۆسەی فێربون و ڕاهێنانی بەردەوام لەپاش بەجێ بمێنێت، ئەگەر پزیشكێك لە بوارێكی تایبەتدا گرفتی هەبێت دەبێت دەرفەتی ڕاهێنانی زیاتری پێ بدرێت بۆ ئەوەی گرفتەكانی چارەسەر بكات، نەوەك بكرێتە دەرەوەی پرۆگرامەكان. پاشان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سێ یەكەمەكانی سەر ئەنجومەنی كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكانی خەڵاتكرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتوو بۆ خزمەتكردن بە كوردستان بۆ خواستن. شایەنی باسە لە ڕێورەسمەكەدا هەریەك لە وەزیری تەندروستی و سەرۆك زانكۆكان و بەڕێوەبەری گشتی و راگر و سەرۆك بەش و مامۆستا و خوێندكاران و قوتابیان و كەسوكاریان ئامادەبوون. *راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile