د.یوسف گۆران: سیستمی بۆلۆنیا چارەسەری بەشێكی زۆری كێشەكانی خوێندنی باڵا دەكات
بەچاودێری و ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وۆركشۆپێك بۆ جێبەجێكردنی سیستمی بۆلۆنیا پڕۆسێس (Bologna Process) لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای وۆركشۆپەكەدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: جێی خۆشحاڵییە ئەم وۆركشۆپە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژیەتی وەزارەتەكەمان، كە هەمیشە جەختی لەسەر گۆڕانكاری و ڕیفۆرمی ڕیشەیی لە سێكتەری خوێندنی باڵا بە گشتی و پەرەپێدانی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بە تایبەتی كردۆتەوە، وتیشی: خۆشبەختانە لە ماوەی ڕابردوودا توانیومانە چەندین گۆڕانكاری گرنگ و ڕیشەیی ئەنجام بدەین، كە ئەم وۆركشۆپەش درێژكراوەی هەوڵەكانمانە بۆ بەردەوامی دان بە بەرەو پێشبردنی كەرتی خوێندنی باڵا.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە گرنگی پەیڕەوكردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسیس كرد و وتی: هەوڵدان بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس هەوڵێكی گرنگە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین سیستمی خویندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ سیستمی خوێندنی وڵاتانی پێشكەوتوو بگونجێنین، وتیشی: بۆئەوەی ببێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی ئەم سیستمە پڕۆژەیەكی زانستی پڕ بایەخە لە خوێندنی باڵادا و، پێوەری تایبەت بە خۆی هەیە و، لە ئێستادا لە زیاتر لە (٤٨) وڵات لە ئەوروپا و، سەرانسەری جیهان پەیڕەوی بۆلۆنیا پرۆسێس دەكرێت، ئەم سیستمە وا دەكات بە سیستەمی كرێدت لە ڕێگەی (ECTS)، ئەوەش وا دەكات كە خوێندكارەكانمان بە ئاسانتر لە زانكۆ ناوبەنگەكانی جیهان وەربگیرێن بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا.
شایەنی باسە هەریەك لە سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتەكان و، بەڕێوەبەرە گشتیەكانی فەرمانگەكانی دیوانی وەزارەت و، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی و، ڕاگری پەیمانگە تایبەتەكان و، بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین و، پەرەپێدانی پڕۆگرامەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكان ئامادەیبوون كە لە هۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی-شیڕاتۆن) بەڕێوەچوو.
*بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.