لەم هەفتەیەدا باشترین توێژەرانی ساڵ دیاری دەكرێن
بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باشترین ( 10 ) توێژەری ساڵ دیاری بكات و ڕێزیان لێ بگرێت.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: وابڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، لە مەراسیمێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باشترین ( 10 ) توێژەری ساڵ دیاری بكات و ڕێزیان لێ بگرێت، وتیشی: لەئێستادا تیمەكانی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان، سەرقاڵی دیاریكردنی باشترین ئەو توێژەرانەن كە توێژینەوەكانیان لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەكانی جیهان بڵاوكردۆتەوە، هەروەها لەم هەڵبژاردنەشدا پشت بەو داتایانە دەبەسترێت كە زانكۆكان لەڕێگەی ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكانەوە پێشكەشیان كردووە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد: پێوەرەكان لەسەر بنەمای ئەو گۆڤارانە دیاری دەكرێت، كە ئاستیان بەرزە و فاكتەری كاریگەریان هەیە، دواتریش ئەو توێژەرانەی كە زۆرترین فاكتەری كاریگەر كۆدەكەنەوە دەبنە ( 10 ) باشترین توێژەرانی ساڵ بۆ ساڵی 2018.
*بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.