وەزارەتی خوێندنی باڵا باشترین ( 10 ) توێژەر دەستنیشان دەكات
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت لەئێستادا ئامادەكاری دەكەین بۆ دەستنیشانكردنی باشترین ( 10 ) توێژەر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بە هەشت پێوەری سەرەكیش ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكان دەكرێت.
بەئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە زانكۆی سەڵاحەددین كەرنەڤاڵێك بەبۆنەی رێزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا د.یوسف گۆران ئاشكرایكرد لەئێستادا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەكاری دەكات بۆ دەستنیسانكردنی باشترین (١٠ توێژەر) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و ڕێوڕەسمێكی ڕێزلێنانیان بۆ ڕێكدەخەین، هەوەرها وتیشی: لە ڕێگەی گرانتی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستییەوە دەرفەتی بەدەسهێنانی فەندی تایبەت بە توێژینەوەیان بۆ دەڕەخسێنین.
سەبارەت بە ڕیزبەندی نیشتمانی زانكۆكان، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ڕیزبەندیی نیشتمانی زانكۆكان بریتییە لە ڕێكخستنی پیشبڕكێ لە نێوان زانكۆكانی كوردستان لەسەر بنەما و پێوەر و ستانداردی زانستی كە پێوەرەكانی ڕیزبەندی نیشتمانی ئاوێنەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانە، وتیشی: ئێمە بۆ ڕێكخستنی ڕیزبەندیی نیشتمانی پشتمان بە ( 8 ) پێوەری سەرەكی و ( 43) پێوەری لاوەكی بەستووە، كە پێوەرە سەرەكیانیش بریتین لە:
1. چالاكی توێژینەوەی زانستی.
2. كواڵیتی و ئاستی ژێرخانی زانستی و دڵنیایی جۆری خوێندن و فێركردن.
3. ستافی ئەكادیمی.
4. كارلێك لەگەڵ كۆمەڵگە و چالاكی كەلتوری.
5. چالاكی نێودەوڵەتی.
6. بەدواداچوونی دەرچوان و بەدەستكەوتنی كار لە كەرتی تایبەت.
7. كتێبخانەكان و گەیشتن بە سەرچاوە ڕەسەنەكانی مەعریفە.
8. تێڕوانین و فیدباكی خوێندكاران و قوتابیان.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.