زانكۆی پۆلیتەكینكی سلێمانی پیرۆزبایی لە زانكۆی سلێمانی دەكات
سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ژمارەیەك لە راگر و مامۆستا و فەرمانبەرانی كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشداری یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی=یان كرد و پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ئەو زانكۆیە كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2018\11\28 بەدروشمی ( زانكۆی سلێمانی مێژوویەك لە شكۆ و ئایندەیەك لە داهێنان ) زانكۆی سلێمانی ساڵیادی 50 ساڵەی دامەزراندنی كردەوە كە ئەم یادە بە ئامادەبوونی دەیان لێپرسراوی حكومی و حزبی و مامۆستایان و خوێندكاران و ئەكادیمیستان و رۆشنبیران و هونەرمەندان، لە هۆڵی بۆنەكانی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی دەستیپێكرد و تێیدا چەند وتار و كاری هونەری و زانستی پێشكەشكران كە بۆ ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و سبەینێش بەردەوام دەبێت.
لە سەرەتای وتارەكەیدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ئاماژەی بۆئەوەكرد كە كردنەوەی زانكۆی سلێمانی بەدەستپێشخەری مام جەلال ڕابەری گەلەكەمان دامەزرا، هەروەها وتیشی: 50 ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا زانكۆی سلێمانی وەك یەكەمین دامەزراوەی زانستی و ئەكادیمی لەسەر خاكی كوردستان و لە شاری هەڵمەت و قوربانی دامەزرا، دامەزراندنی ئەم زانكۆیە بەرهەمی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستانە و بە هەوڵ و دەستپیشخەری ڕابەری مەزنی گەلی كوردستان جەنابی مام جەلال دامەزرا.
لای خۆشیەوە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی زانكۆمان پیرۆزبایی خۆی و ئەنجومەنی زانكۆی ئاڕاستەی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و راگر و مامۆستایان و خوێندكارانی ئەو زانكۆیە كرد و وتی: خۆشحاڵین كە لەم رۆژەدا و لەم یادە گەورەیەدا بەشدارین چونكە زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە ناوەندە زانستی و ئەكادیمییە ئاست بەرزەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق، خاوەنی چەندین ئەزموون و دەستكەوتی مێژووییە كە چەندین رۆڵەی ئەم زانكۆیە خۆیان كردۆتە قوربانی رێگای خەباتی رزگاریی گەلەكەمان، هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدون وتی: تائێستا زانكۆی سلێمانی توانیویەتی چەندین كادیری زانستی بەتوانا و لێهاتوو پیشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات، هەربۆیە لەئێستاشدا زانكۆی سلێمانی لە رووی زانستی و مەعریفییەوە لە گەشەكردنی بەردەوامدایە و لە ئاستێكی باشدایە.
پاشان سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەرجەم ئەو چالاكی و پێشانگا و كارە هونەری و دەستیانەی بەسەركردەوە كە لەلایەن خوێندكارانی زانكۆی سلێمانییەوە بۆ ساڵیادی زانكۆكەیان ئامادەیان كردووە.
زانكۆی سلێمانی بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1968 دامەزرا، كە كەمپە سەرەكییەكەی دەكەوێتە شاری سلێمانی، كە لە سەرەتادا لە سێ كۆلێج پێكهاتبوو، لە ساڵی 1981 رژێمی پێشووی عیراق ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی راگواست بۆ شاری هەولێر و ناوەكەی گۆڕدرا بە زانكۆی سەڵاحەدین، لە ساڵی 1991 بەهەوڵ و كۆششی هەڤاڵ ( مام جەلال ) و رۆشنبیران و ئەكادیمییەكان زانكۆی سلێمانی بەشێوەیەكی فەرمی لە 14ی نۆڤەمبەری 1992دا دووبارە دامەزرایەوە، كە لە ئێستادا خاوەنی 24 هەزار خوێندكارە و 1908 پرۆفیسۆر و یاریدەدەری پرۆفیسۆر و مامۆستا و مامۆستای یاریدەدەری هەیە و كۆی گشتی فەرمانبەرانیشی لە 3332 فەرمانبەر پێكهاتووە.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.