بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشین بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان دادەمەزرێت
وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى گرنگى دروستکردنى بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشینى وەک یەکەمین دەزگاى نیشتیمانى سەربەخۆ بەهاوکارى دامەزراوەى زێڤاى ئەڵمانى بۆ دڵنیاى جۆرى و متمانە بەخشین بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان بەهەنگاوێکى گرنگ و مێژووى وەسفکرد.
ئەم جەختکردنەوەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە وەفدێکى (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا، کە پێکهاتبوون لە (prof. Dr. werner stueber) راوێژکارى خوێندنى باڵا لە دامەزراوەکەو (didar dawdi) بەڕێوەبەرى کاروبارى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زێڤا کە ئەمڕۆ ٢١/١١/٢٠١٨ بەشداربوون لە مەراسیمى راگەیاندنى ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵانى (٢٠١٧-٢٠١٨).
لەو دیدارەدا کە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەیبوو، د. یوسف گۆران سوپاسى دامەزراوەى زێڤاى کرد بۆ کارکردن لە یەکەمین بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشین بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان. کە بۆردەکە دەبێتە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی سەربەخۆ و کار دەکات بۆ داڕشتنەوەی چوارچێوەی گشتی پرۆسەی دڵنیایی جۆری لە دامهزراوهكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی، ئەم بۆردە بە هەماهەنگی و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی زێڤا کار دەکات بۆ ئەوەی هەموو پرۆگرامەکانی خوێندن لە هەموو زانکۆکانی کوردستان بتوانن متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن و بەتەواوەتی بچنە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەکانەوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى خۆشحاڵى خۆشیى نیشاندا بە هاوکارى و هەماهەنگى دامەزراوەى زێڤا دروستکردنى بۆردى نیشتیمانى متمانە بەخشین قۆناغى باشى بڕیوەو دەبێتە یەکەمین دەزگاى نیشتیمانی بۆ دڵنیاى جۆرى و متمانە بەخشین لە هەرێمى کوردستان.
لەلایەن خۆشیانەوە دامەزراوەى زێڤاى ئەڵمانى پشتگیرى تەواوى خۆیان بۆ پرۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتکردەوە بەتایبەت بۆ ئەنجامدانى ریزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان و هەڵسەنگاندن و دانانى پێوەر بۆ زانکۆکانى هەرێم، هەروەک پاڵپشتى و هاوکارى تەواوى دامەزراوەکەشیان بۆ دروستکردنى بۆردى نیشتیمانى دڵنیاى جۆرى و متمانە بەخشینى هەرێمى کوردستان راگەیاند.
جێگەى ئاماژەیە (دەزگای ناوەندیی هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشینی) ئەڵمانی ناسراو بە زێڤا بریتیە لە دەزگاى ناوەندى متمانە بەخشینى ئەڵمانیا، کە بەرپرسە لە پێدانى متمانە بەزۆرینەى هەرە زۆرى پرۆگرامەکانى خوێندن لە وڵاتى ئەڵمانیا و دەرەوەى ئەو وڵاتە. لە ئێستاشدا لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەهەماهەنگیدان بۆ دروستکردنى بۆردى متمانە بەخشینى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان کە ئامادەکارییەکانى ئەم بۆردە تەواو بووەو لەمانگى کانونى دووەمى ساڵى داهاتوو دەست بەکارەکانى دەکات.