Back

ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: هیچ بەشێکى زانستە ئیسلامییەکان دانەخراوە

 

دوا بەدوای دەنگۆی بڵاوبونەوەی داخستنی  به‌شه‌كانی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان،  وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بە پێویستی دەزانێت چەند ڕاستییەک بۆ ڕای گشتی ڕون بکاتەوە.

1.      بۆ بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن وەزارەتەکەمان كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌، به‌شێك له‌و هه‌نگاوانه‌ بریتی بون له‌ داخستنی خوێندنی ئێواران، بۆیه‌ بۆئه‌مساڵی خوێندن (438) به‌شی زانستی له‌ زانكۆ حكومیه‌كان داخران، داخستنی خوێندنی ئیسلامی ئێوارانیش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یدایه‌، لە بەرامبەریشدا چەندین هەنگاوی جێگرەوەی باشتری ناوە، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر خوێندن بۆ ئارەزومەندانی خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان لە کوردستان.

2.      هیچ به‌شێکی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان لە سەرتاسەری کوردستان دانه‌خراوە، بەڵکو ته‌نیا خوێندنی ئێواران لە دهۆک و ئاکرێ کە پێشتر بە پاراڵێڵ بوە، ئه‌وه‌ش گواستراوەتەوە بۆ بەیانیان، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی خوێندنی ئێواران بوە لە زانکۆ حكومیه‌کان وه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا.

3.      له‌ زانکۆکانی كوردستان (2)كۆلێژی تایبه‌ت به‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و زانكۆی سلێمانی هه‌ن و، هه‌ر یه‌كه‌یان چوار به‌ش له‌خۆده‌گرن: (شه‌ریعه‌، خوێندنی ئیسلامی، په‌روه‌رده‌ی ئاینیی، بنه‌ماكانی ئایین)، هه‌روه‌ها به‌شی بنه‌ماكانی ئایین له‌ زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌شی په‌روه‌رده‌ی ئاینیی له‌ زانکۆکانی (كۆیه‌، ئاكرێ، دهۆك و زاخۆ )هه‌یه‌ و هیچ بڕیاڕێكی داخستنیان نییه‌.

4.      بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئارەزومەندان، ‌وه‌زاره‌ت بۆ ساڵی خوێندنى ( 2018-2019) دوو جار ده‌رگای پێشکەشکردنی وەڕگرتنی ڕاسته‌وخۆی بۆ به‌شه‌كانی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان لە زانکۆ حکومییەکان كردۆته‌وه‌, ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو دەرفەتە بۆ هیچ پسپۆڕیه‌کی دیکە نه‌كراوه.

5.      ساڵانی ڕابردوو هه‌ركه‌س بڕوانامه‌ی یەسکانکردنى بڕوانامەى و دبلۆمی لە زانستە ئیسلامییەکان هه‌بووایه‌ مافی وه‌رگرتنی له‌ به‌شه‌كانی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان نەبو, به‌ڵام وه‌زاره‌ت ئه‌م ساڵ  ئاسانكاریه‌کی كردووه‌ و ئه‌وانیش مافی پێشکەشکرنیان  بۆ زانكۆ حكومییه‌كان هه‌یه‌، ئەوەش دەرفەتى خوێندنی بۆ بەشێکى زۆر لە وتارخوێنان و ئارەزومەندانی زانستە ئیسلامییەکان ڕەخساندوە.

6.      ئه‌م ساڵ وه‌زاره‌تەکەمان ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی دوو كۆلێژی زانکۆیی تایبەتى داوە، ئەوانیش (كۆلێژی زانکۆیی قه‌ڵا لە هەولێر) و (کۆلێژی زانکۆیی گۆیژه‌ لە سلێمانی) یە، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان دوو به‌شی تایبه‌ت به‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كانیان تێدایه‌ ئەوانیش بەشەکانى(په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی و به‌راوردكاری ئاینه‌كان)، کە ساڵانى ڕابردو هیچ بەشێکى زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆ تایبەتیەکان نەبوە.

7.      سه‌باره‌ت به‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی كه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌یان بۆ موزاده‌ی سیاسی به‌كارهێناوه و‌، به‌یاننامه‌یان بڵاوكردۆته‌وه‌، باشتر بوو وردتر بونایه‌ له‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ و ناكرێ بڵاوكراوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری هه‌ڵه‌ و ناڕاست ده‌ربكه‌ن، به‌ڵكو باشتر بوو بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستیه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مانه‌وه‌ بكردایه‌، بۆیه‌ پێویست به‌وه‌ ناكات ئه‌و لایه‌نانه‌ ئیسلام بۆ خۆیان قۆرخ بكه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و زانستی خۆمان به‌به‌رپرسیار ده‌زانین و پڕۆژه‌مانیش هه‌بوه‌ و هه‌یه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری میانڕه‌وی، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویست به‌وه‌ ناكات ئه‌م لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ش هاوشێوه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ژیان به‌سیاسی بكه‌ن، چونكه‌وه‌زاره‌ته‌كه‌مان وه‌ك لایه‌نی ئه‌كادیمی و زانستی به‌ده‌ر له‌ بیركردنه‌وه‌ی سیاسی كاری خۆی كردوه‌ و، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانكۆكان و ده‌رچوانه‌، بۆیه‌ دور و نزیك په‌یوه‌ندی به‌بابه‌تی سیاسیه‌وه‌ نیه‌.

 

 

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

  18/11/2018

This shortcode LP Profile only use on the page Profile