یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی تەلارسازی دەستیپێكرد
بەئامانجی پاراستنی كەلەپوری و بیناسازی كۆنی شاری سلێمانی، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەهاوبەشی یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی تەلارسازییان بەناونیشانی ( بەرەو تەلارسازی خۆماڵی نوێ ) رێكخست، كە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا چەندین توێژینەوە لە بواری تەلارسازیدا پێشكەش دەكرێن.
سەعات 10ی بەیانی ئەمڕۆ 2018/11/14 لە هۆتێل شاری جوان لە سلێمانی بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و جێگری سەرۆكی دەستی وەبەرهێنانی كوردستان و هەردوو سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی و یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و راگر و مامۆستایانی زانكۆ و ژمارەیەك لە توێژەران و پسپۆرانی بیانی لە بواری تەلارسازی و نوێنەری چەند كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان، بەچاودێری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم یەكەمین كۆنفرانسی تەلارسازی بەهاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەناونیشانی ( بەرەو تەلارسازی خۆماڵی نوێ ) بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمیی دەستی بەكارەكانی كرد.
سەرەتای كۆنفرانسەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، وتەی بەخێرهاتن لەلایەن د.سیروان خورشید سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە پێشكەشكرا و ئاماژەی بە ئامانج كۆنفرانسەكە كرد وتی: ئامانجی ئەم كۆنفرانسە بریتییە لە فەراهەمكردنی فۆرمێكی كارا بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕای سەردەمیانە سەبارەت بە پرسی تەلارسازی خۆماڵی و كەلەپوری فەرهەنگی ناسنامەی كوردی، كە لەئێستادا لەژێر كاریگەری گەورەی گەشی نوێ و تەكنۆلۆجیای جیهانیدایە.
پاشان د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی وتەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشكەشكرد و وتی: ئومێدەوارین ئەم كۆنفرانسە و ئەو توێژینەوانەی لەم كۆنفرانسەدا پێشكەش دەكرێن خزمەتێكی گەورە بە بواری تەلارسازی خۆماڵی بكات، كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكە ببێتە خاوەن مۆركێكی تەلارسازی خۆماڵی لەناو نەتەوەكانی جیهاندا.
هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتارێكی پەخشان ئامێز لەسەر لەدایكبوونی شاری سلێمانی و مێژووی تەلارسازی لەو شارەدا پێشكەشكرد، كە بەم شێوەیە دەستیپێكرد: چواردەی مانگ بوو وەختێ جوانترین كیژی كوردستان بە دەستی بابانییەكان لە مەڵكەندی كرایە بووكی ژێر دەواری ئاوەدانی و لە پاش نۆ مانگ شەونخوونی كوڕێكیان بوو ناویان لێنا سلێمانی، ئەم منداڵە كاك ئەحمەدی شێخ بانگی دا بەگوێدا، شێخ مەحمودی نەمر دەمی شیرین كرد و حەپسە خانی نەقیبیش بە دەستە پیرۆزەكانی خۆی گۆشی كرد، هەر ئەم منداڵە نازدار نالی فێری عەشقی حەبیبەی خاك و خۆڵی كرد و مەحوی كردی بە سۆفی خانەقاكەی و سالم خۆشەویستی نیشتمانی چڕی بەگوێیدا.. وەختێكیش بوو بە هەرزەكار مامۆستا ئیبراهیم وانەی ماف و كوردایەتی و ژانی گەلی فێركرد و مام جەلال وانەی لەخۆبردویی و وەفا و مامۆستا سەجادی وانەی رەوانبێژی و مەدۆشیش فێری رستنی وشە و هەردیش زەردەخەنەی عاشقانە و پیرەمێردیش فێری نەورۆزی مامە یارەی كرد، ئیتر ئەم زاتە رسكا و بوو بە خوێندكاری دڵداری شاعیر و هەر ئەویش بوو فێری ئەوەی كرد كە:
داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێت قەد بەرناگرێت،
سەربەخۆیی بێ فیداكاریی ئەبەد سەرناگرێ..
پیاو ئەبێت بۆ سەندنی حەقی لە مردن سڵ نەكات
هەر برووخێ بەس نییە تاكو نەسێندرێ نادرێ!!!
هەر لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتی: لە سۆنگەی ئەم دیدگاوە زانكۆمان بە پێویستیەكی سەرشانی خۆی زانی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی 50 ساڵەی زێڕین كە ئاوڕێك لەم تەلارە زێرینە بداتەوە و شەماڵێك لە بۆنی خۆشی بكاتە دیاری بۆ ئەم شارە خۆشەویستە، هەر بۆیە سەرای سلێمانی یەكێكە لەو تەلارانەی كە تەنها رەمزی تەلارسازی نییە بەڵكو رەمزی مێژوو و كەلتور و خۆشی و سەرجەم نەهامەتییەكانی ئەم شارەیە، بۆیە خەڵكی ئەم شارە هەردەم بە باڵایدا هەڵدەدەن، باڵای ئەم تەلارە یار و نەیارانی سەرسام كردووە، بەرد بە بەردی بناغەكەی هەڵگری چیرۆكگەلی ئاشنایەتی و پیشاندان و شەڕو نەهامەتی و شۆڕشی خەڵكی ئەم شارەیە.. هەنكوكە سەرای سلێمانی تەنها رەمزی سلێمانی نییە بەڵكو رەمزی سەر بڵندی كوردستانە و یەكێكە لەو تەلارانە بۆتە قەڵای زێڕین لە مێژووی كوردا.
پرۆژەی بە دیكۆمێنتكردنی بینا و خانووە كۆنەكانی شاری سلێمانی بە دوو قۆناغ جێبەجێكراوە لە قۆناغی یەكەمدا لە رێگەی فۆرمێكی تایبەتەوە: كە زانیاری لەسەر لایەنی مێژووی و تەلارسازی و بەكارهێنان و جۆری بیناكان و…هتد تێدایە، زیاتر لە 6200 خانوو و بینا لەناو سیستمێكی جی ئای ئێس تۆمار كراوە، پاشان لەسەر چەند بنەمایەكی زانستی تەلارسازی هەموو ئەو خانوانەی كە پێویست دەكات پرۆسەی تەواوی دۆكۆمێنتكردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت جیادەكرێنەوە، پێداویستییە ماددی و لۆجستییەكانی ئەم قۆناغە كۆمپانیای ڤیوپایەنیر و نووسینگەی ڤیوگرووپی راوێژكاری ئەندازیاری دابینیان كرد و لە رێگەی كۆمەڵێك لە خوێندكاران و ئەندازیاران و بەسەرپەرشتیاریی كۆمەڵێك لە مامۆستایان تەلارسازی و ئەندازیاری بە خۆبەخشی ئەنجامدراوە.
لە قۆناغی دووەمی پرۆژەكەدا هەموو ئەو خانوانەی كە دیاریكراون بۆ پرۆسەی دۆكۆمێنتكردن لە قۆتاغی یەكەمدا زانیاری زیاتری تەلارسازی و مێژووییان لەسەر وەردەگیرێت لە رێگەی فۆرمێكی تایبەتدا و دروستكردنەوەی نەخشەی خانووەكان بە هەردوو شێوازی نەخشەی دووڕەهەند و سێ ڕەهەند كە لە نێوان 150 بۆ 200 بینا و خانووە.
پانێلی یەكەمی كۆنفرانسەكە لەلایەن هەریەك لە بەڕێزان ( د. ئەمجەد محەمەد، د.راسم بەدران، د.موسەنا جەمال و مامۆستا لەیلا زیبار ) پێشكەشكرا كە تێیدا باسیان لە شێوازەكانی تەلارسازی كۆن كرد، هەروەها لایەنە سلبییەكانی تەلارسازی مۆدێرن و نوێی ئەم سەردەمەیان خستەڕوو.
لەدوای سەعات 2ی نیوەڕۆ هەر لە هۆڵەكانی هۆتێل شاری جوان چەندین توێژینەوە لەلایەن توێژەرانەوە پێشكەشكران، بڕیارەیشە سبەینێ لە دووەم رۆژی كۆنفرانسەكەدا چەندین توێژینەوەی تر پێشكەش بكرێن و لەو چوارچێوەیەشدا پێشانگایەكی فەرەنسی بكرێتەوە و كونسوڵی وڵاتی فەرەنساش وتەیەك پێشكەش بكات.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ