سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە خوێندكارێكی بەهرەمەند دەكات
بەدەر لە كار و چالاكییە زانستی و ئەكادیمییەكان و وەك پشتیوانییەك بۆ خوێندكارانی بەهرەمەند، ئەمڕۆ سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەبینای سەرۆكایەتی زانكۆ پێشوازی لە كچە خوێندكارێكی بەهرەمەندی زانكۆ كرد كە لە بواری وێنەكێشاندا دەستڕەنگینە و تابلۆكانی بوونەتە جێگەی سەرنجی هەمووان.
ئەمڕۆ سێشەممە 2018/11/13 پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەئامادەبوونی پ.د.سۆران ئەبوبەكر یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ و م.بەختیار عوبێد شەریف لێپرسراوی پەیوەندییە ئەكادیمییەكان و تۆماری گشتی و ئارام بەكر بەڕێوەبەری راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ پێشوازیكرد لە كچە بەهرەمەند ( ڕوا فەخرەدین ئەحمەد) خوێندكار لە قۆناغی سێیەمی بەشی نێتوۆرك لە كۆلێجی ئینفۆرماتیكی سەر بە زانكۆ كە دەستڕەنگینیی لە بواری وێنەكێشاندا هەیە و تابلۆكانی بوونەتە جێگەی سەرنجی بەشێكی زۆر لە مامۆستایان و خوێندكاران و هاوڵاتیان.
لەمیانی ئەو پێشوازییەدا پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین دەستخۆشی لە خوێندكار (ڕوا فەخرەدین ئەحمەد) كرد و ئامادەیی سەرۆكایەتی زانكۆی بۆ خوێندكارانی بەهرەمەندی هاوشێوە دەربڕی وتی: ئومێد دەكەین خوێندكاری هاوشێوەی (ڕوا فەخرەدین) لە زانكۆكەماندا نموونەیان زۆر بێت، ئەم خوێندكارانە جێگەی شانازی زانكۆمانن و ئامادەین بەدەر لە پرۆسەی خوێندن بەهەموو شێوەیەك هاوكارییان بین كە بەهرەمەندن لەبوارە هونەری و وەرزش و سەرجەم بوارەكانی دیكەدا.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین لۆگۆی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشكەش بە خوێندكار (ڕوا فەخرەدین) كرد و وەك پشتیوانییەكیش بۆ ئەو خوێندكارە بەبڕیاری سەرۆكایەتی زانكۆ بڕیاردرا سەرجەم تابلۆكانی ئەو خوێندكارە بكڕدرێنەوە و لە ناوەندێكی زانكۆدا دابنرێت كە ئەو ناوەندە تایبەت بكرێت بە خوێندكارانی بەهرەمەند، لەبەرامبەریشدا خوێندكاری ناوبراو خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو پشتیوانی و پێشوازییە گەرمە دەربڕی كە لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆوە لێكراوە و بەڵێنیشدا جگە لە توانستی زانستی ئەوەی لە توانایدا بێت پێشكەش بە زانكۆی بكات و كار بۆ پێشخستنی بەهرەكەی بكات، هەروەها یەكێك لەو تابلۆ نایابەكانی كە لە پێشانگایەكی وێنەكێشاندا نمایشیكردبوو پێشكەش بە سەرۆكایەتی زانكۆ كرد.
لایخۆشیەوە ئەسكەندەر حەمید ئەمین سەرۆكی بەشی تۆڕەكانی كۆلێجی تەكنیكی ئینفۆرماتیك بۆ سایتی زانكۆمان وتی: جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێشوازی لێكردین و دەستخۆشی لێدەكەین كە پاڵپشتی تەواوی بۆ خوێندكار (ڕوا فەخرەدین) دووپاتكردەوە و لەپاڵ پرۆسەی خوێندندا هەست بە تواناكانی دیكەی خوێندكاران دەكات و هاوكارییان دەكات، هەروەها سەرۆكی بەشی تۆڕەكانی كۆلێجی تەكنیكی ئینفۆرماتیك داوای لە خوێندكارانی دیكەی بەهرەمەند كرد تواناكانی خۆیان دەربخەن تا لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆوە پشتیوانییان لێبكرێت و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێندرێت.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.