Back

مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك شارەزا بانگهێشتی پڕۆژە توێژینەوەیەكی گەورەی ئەوروپی دەكرێت

لە نوێترین زنجیرە دەستكەوتە زانستییە نێودەوڵەتیەكانیدا، د.ڕۆژین كەمال محەمەد ئەمین سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپووری كەلتوری دیجیتاڵی لە سەنتەری توێژینەوە و مامۆستا لە كۆلێجی ئەندازیاری تەكنیكی/بەشی پلانسازی شار لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لەلایەن تیمی پڕۆژە توێژینەوەی EMOTIVE ی ئەوروپیەوە وەك شارەزا بانگهێشت و میوانداری دەكرێت لەگەڵ ۱۱ راوێژكاری تری نێودەوڵەتی بوارە پەیوەندیدارەكان لە ئەمریكا و ئەوروپاوە بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و پێدانی ڕاو سەرنجیان لەسەر بەرهەمە جیاوازەكانی پڕۆژە توێژینەوەكە لە زنجیرە وۆركشۆپێكدا، كە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان كە لە نێوان ٥-۷ /۱۱ / ۲۰۱۸ دا بەڕێوەچوو. پڕۆژە توێژینەوەی EMOTIVE پڕۆژەكی گەورەی نێودەوڵەتی ئەوروپی فرەهاوبەش و فرە پسپۆڕییە كە كاردەكات بۆ داهێنانكردن لە ناوەڕۆك و شێوازی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ بۆ دەوڵەمەندكردنی سەردانكردنی مۆزەخانە و شوێن و بینا كەلەپورییەكان. لە پڕۆژەكەدا ٥ تیم لەكۆی ۳۸ پڕۆفیسۆر و توێژەر لە ۸ زانكۆ و كۆمپانیا لە ٥ وڵاتی ئەوروپییەوە پێكەوە كاردەكەن، بودجەی پڕۆژەكە سەروو ۳ ملیۆن دۆلارە كە لەلایەن پرۆگرامی هۆرایزن ۲۰۲۰ی یەكێتی ئەوروپاوە فەندەكەی بۆ دەرچووە بۆ ماوەی ۳ ساڵ كە ماوەی دوو ساڵە پڕۆژەكە دەستیپێكردووە. ئاشنابوونی تیمەكانی پڕۆژەكە بە د.ڕۆژین كەمال لە ڕێگەی كارەكانی ئێستای لەگەڵ تیمێكی پڕۆژەكە لە زانكۆی گلاسكۆی بەریتانی و پڕۆژە توێژینەوەكانی پێشووی بوو كە لە خوێندنی ماستەر و دكتۆراكەیدا لە كەنەدا ئەنجامی دابوون. شایەنی باسە زیاد لە مانگێكە مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە نزیكەوە خەریكی ئەنجامدانی توێژینەوەیە لەسەر ئەم پڕۆژەیە لە زانكۆی گلاسگۆ لەسەر مەسرەفی سكۆڵەڕشیپ (زەمالە)یەكی هاوبەشی دەزگای بەریتانی بۆ دیراساتی عێراق و تۆڕی نەهرەینی زانكۆی UCLی بەریتانی. لەبەر ئەزموونی پێشینەیی و توانای توێژینەوە و تێكەڵبوونی خێرای د.ڕۆژین كەمال لەگەڵ پڕۆژەكەدا لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا، د.ماریا ئیكۆنۆمۆ سەرۆكی تیمی پڕۆژەكە لە زانكۆی گلاسكۆ داوای لە مامۆستاكەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە جگە لە پێدانی ڕاوێژ لە وۆركشۆپەكەشدا هاوكاریان بكات لە چالاكییەكانی كۆكردنەوەی داتا لە بەشداربووانی تر شان بە شانی هەندێك لە سەرۆكی تیمەكان لە مامۆستاكانی زانكۆ ئەوروپیەكان، هەروەها داواشی لە د.ڕۆژین كەمال كرد كە بەشداری بكات لە زنجیرە كۆبوونەوەكانی بەڕێوەبردنی پڕۆژەكە كە ڕۆژێك و نیوی خایاند ڕاستەوخۆ دوای تەوابوونی وۆركشۆپەكە كە بە ئامادەبوونی نوێنەری گشت هاوبەشە ئەوروپیەكانی پڕۆژەكە بەڕێوەچوو. لە كۆتایی وۆركشۆپەكەشدا بەڕێوەبەری پڕۆژەكە داوای لە بانگهێشتكراوەكان كرد كە تا كۆتایی پڕۆژەكە بە ناردنی سەرنج و تێبینییەكانیان لەگەڵیاندا وەك راوێژكار بەردەوام بن.   *بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile