Back

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا هەواڵێكی كەناڵی رووداو رەتدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: كەناڵی رووداو بەدەر لە كاری رۆژنامەوانی سەرقاڵی شێواندنی راستییەكانە، لەبەرئەوەی لە رێكەوتی 2018/10/13 وەزارەت ڕایگەیاند (٨٦٠) خوێندكار سەرباری ئەوەی‌ (50) شوێنیان لە فۆرمەكانی پێشكەشكردن لە سیستمەكانی وەرگرتن بەتەواوەتی پڕكردۆتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لیستی شوێنەكانیان رەوانە نەكردووە واتە ( Submit)یان نەكردووە، بۆیە ناویان لە هیچ شوێنێك نەهاتۆتەوە، بەڵام لەوبارەیەوە كەناڵی رووداو وەك بڵێی (شانە هەنگی لە كونەدار دۆزیوەتەوە) هەواڵی ناڕاست بڵاودەكاتەوە. لە روونكردنەوەكەدا هاتووە خوێندكار زەینەب موئەید حوسێن كامل محەمەد كە دووەمی سەر ئاستی هەرێمی كوردستانە لە بەشی زانستی، یەكێكە لەو (٨٦٠) دەرچووەی كە (٥٠) هەڵبژاردەی بەتەواوەتی پڕكردۆتەوە، بەڵام لیستی شوێنەكانی رەوانە نەكردووە واتە ( Submit) نەكردووە، هەربۆیە ناوی لە ریزبەندی (٤٠) لەو لیستە هەیە، كە پێشتر بڵاومانكردۆتەوە و، سكاڵاشی تۆماركردوە و، وەك خۆی سكاڵاكەی وەرگیراوە و، بە روونی كێشەكەی بەخۆی و خانەوادەكەشی وتراوە، كە هۆكاری نەهاتنەوەی ناوەكەی پەیوەندی تەنها بەوەوە هەبووە كە لیستی هەڵبژاردەكانی رەوانە نەكردووە. بۆیە هاوشێوەی دەرچووانی دیكە، لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی سكاڵای دەرچووانی پۆلی 12، ئەنجامی سكاڵای (زەینەب موئەید حوسێن كامل محەمەد) وەك هەر دەرچووەیەكی دیكە رادەگەێندرێت و لە شوێنی شایستەی خۆی وەردەگیرێت و، بەهیچ شێوەیەك مافی نافەوتێت. لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هاتووە: ئەگەر كەناڵی ڕووداو خۆی بەخەمخۆری ئەو قوتابیە و هاوڵاتیان دەزانێت، وەك چۆن قسەی ئەو دەرچووەی وەرگرتووە باشتر بوو بەدوداچوونی بۆ كێشەی بكردایە و لێدوانی وەزارەتیشی لەوبارەیەوە وەربگرتایە و، بۆ بینەرانی ڕوونبكردایەوەتەوە كە ئایا وەزارەت سكاڵاكەی بەهەند وەرگرتووە یاخود بەپێچەوانەوە، بۆیە داوا لەسەرجەم دامەزراوەكانی راگەیاندن دەكەین وردبن لە بڵاوكردنەوە و گەیاندنی راستییەكان بەبینەران و خوێنەران و بیسەران.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile