سەعات 12ی ئەمشەو وادەی تۆماركردنی سكاڵا كۆتایی دێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند ماوەی تۆماركردن و پێشكەشكردنی سكاڵا لە سەعات (12)ی ئەمشەو ڕێكەوتی (20/10/2018) كۆتایی دێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە دەرچووان 12ی ئامادەیی دەكات پەلە بكەن لە تۆماركردنی سكاڵاكانیان چونكە ماوەكە چیتر درێژناكرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد: تائێستا نزیكەی (4500) دەرچوو كە كێشەی وەرگرتنیان هەیە سكاڵایان تۆماركردووە، بۆیە داوا لە سەرجەم دەرچووان دەكەین ئەوانەی كێشەی وەرگرتنیان هەیە پەلە بكەن لە پڕكردنەوەی سكاڵاكانیان، ئەویش بە بەكارهێنانی بەهەمان پاسوۆرد و یوزەرنەیم لە رێگەی وێبسایتی(regayzanko.com) بچنە ناو سیستمی وەرگرتن و فۆڕمی سكاڵاكانیان تۆمار بكەن.
جێگەی ئاماژەیە بۆ كارئاسانیكردنی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەتایبەت ئەوانەی كێشەی وەرگرتنیان هەیە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەفتەی رابردوو بڕیاریدا دەرچووان بەشێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین فۆرمی سكاڵا پێشكەش بكەن.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.