دیداری نێودەوڵەتی ( داهاتووی كورد ) دەستی بەكارەكانی كرد
یەكەم دیداری نێودەوڵەتی هاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەناویشانی ( داهاتووی كورد ) لەژێر چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم دەستیپێكرد كە تێیدا بە بەشداری چەندین توێژەری ناوخۆیی و بیانی خوێندنەوەی ئەكادیمیانە و سیاسییانە و لۆجیكییانە بۆ داهاتووی كورد دەكات، بڕیارە سبەینێش بەردەوام بێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئیسماعیل بێشكچی لە كامپی نوێی زانكۆی سلێمانی بەئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و چەندین توێژەری ناوخۆیی و بیانی و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی زانكۆ، رۆژی یەكەمی یەكەم دیداری نێودەوڵەتی هاوبەشی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی بەناویشانی ( داهاتووی كورد ) لەژێر چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو.
پاش وەستانی ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان و پێشكەشكردنی وتەی بەخێرهاتنی میوانەكان و كورتەیەك لەسەر دیدارەكە لەلایەن د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە تەوەری یەكەمی دیدارەكەدا تیشكی خستە سەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: كێشەی كەركوك بۆ كورد چەند رەهەندی سیاسی هەیە ئەوەندەش رەهەندی سمبولی نەتەوەیی هەیە، لە رووی مێژوییەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە كاتێك ناسیۆنالیزمی تازە دەركەوتووی عەرەبی لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا بە عەرەبكردن و سڕینەوەی ناسنامەی كوردی وەك پرۆژەیەكی فكری و سیاسی لەنێو فكری سیاسی سوننە عەرەبی دەركەوت.
هەر لە درێژەی وتەكەیەكدا د.یوسف گۆران باسی لە چارەسەری سیاسییانەی ئەم كێشە نەتەوەییە كرد و وتی: لەم روانگەیەوە چارەسەری سیاسییانەی كورد بۆ ئەم كێشەیە بەهەڵگرتنی تەعریب و ئاسەوارەكەی دەستپێدەكات، پاشان دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچە جێناكۆكانە بەپێی واقعی دیمۆگرافی راستەقینەی پێكهاتەكانی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: دەكرێت ئەم میكانیزمە خۆی لە ماددەی 140ی دەستووری عیراقدا ببینێت.
پاشان لە چەند تەوەرێكی دیكەدا لەلایەن توێژەرە بەشداربووەكانەوە خوێندنەوە بۆ ئایندەی كورد و سەربەخۆبوونی كوردستان و داهاتەكانی و بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە میللەتی كورد كراون لە سەردەمە جیاوازەكانی حوكمڕانی ناوچەكەدا خرایەڕوو، دواتر لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پرسیار و سەرنج و پێشنیار ئاڕاستەی بەشداربووانی دیدارەكە كرا و یەكەم رۆژی دیدارەكەیان دەوڵەمەند كرد.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.