وەزارەتی خوێندنی باڵا كرێی خوێندنی هەرسێ كاندیدی زانكۆی پالاسكی چیك دەگرێتە ئەستۆ
دوای ئەوەی زانكۆی پالاسكی لە وڵاتی چیك ژمارەیەك كورسی خوێندنی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی تەرخانكرد، لە ئەنجامدا 3 كاندیدی هەرێمی كوردستان توانیان كۆرسی خوێندنی پزیشكی لە زانكۆكە بۆ ساڵی خوێندنی (2018-2019) بەدەستبهێنن، لەو چوارچێویەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا كرێی خوێندنی هەرسێ كاندیدەكە بگرێتە ئەستۆ.
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا رایگەیاند: لەئێستادا رێككار و ئامادەكارییەكان بۆ مەبەستی خەرجكردن و دەستپێكردنی خوێندنی هەرسێ كاندیدەكە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە رێكدەخرێت و لە هەمان كاتیشدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا كرێی خویندنی ساڵی یەكەمی هەرسێ كاندیدەكە لەسەر بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابینبكرێت، وتیشی: هەوڵەكانی وەزارەت بەردەوام دەبێت بۆئەوەی بۆ ساڵانی ئانیدەش بتوانین پشتیوانی دارایی بۆ ئەم كاندیدانە بەردەوامی هەبێت.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.