پەرتوكی (بەرهەمی كار) بڵاوكرایەوە
لە مەراسیمێكدا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاوكردنەوەی پەرتوكی (بەرهەمی كار)ی راگەیاند، كە تایبەتە بەكارو چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ماوەی چوار ساڵی كاركردنیدا.
هەریەك لە پ.ی.د.ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی و بەختیار عوبێد شەریف لێپرسراوی پەیوەندییە ئەكادیمیەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوون.
لە وتەیەكدا د.یوسف گۆران رایگەیاند: كتێبی (بەرهەمی كار) گوزارشتە لە كارو پڕۆژە و چالاكیەكانمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ماوەی (چوار ساڵ) و ( دوو مانگ) و (دوو ڕۆژ)، وتیشی: كتێبەكە لە (10) تەوەر و پێشەكییەكەك پێكهاتووە، كە ئەمانە لە خۆدەگرێت (دۆخی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی ریفۆرم لە سیستمەكانی وەرگرتنی خوێندكاران، بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی دەزگا و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، كاراكردنی بواری كارگێڕی و دارایی لە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، بەستنەوەی زانكۆ بەپێداویستیەكانی كۆمەڵگە، بایەخ و گرنگیدان بەزمانی كوردی، ئاوێتەبوون لەگەڵ سیستمە نێودەوڵەتییەكان، فراوانكردنی بازنەی پەیوەندییە ئەكادیمی و زانستیەكان و هەروەها بوژانەوەی بابەتە هەستیارەكانی ناو كۆمەڵگە لەگەڵ تێڕوانینیەك بۆ ئایندەی خوێندنی باڵا).
هەر لە میانەی وتەكانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەداتا و ئامار باسی لە وردەكاری پڕۆژەكان كرد و ئەوەشی راگەیاند: ئەگەر قەیرانی نەخوازراوی سیاسی و دارایی نەبووایە دەمانتوانی هەنگاوی گەورەتر بنێین و پڕۆژەی مەزنتریش جێبەجێ بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیمان كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، دیارترینیان بریتین لە پرۆژەكانی ڕیزبەندیی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان و جێبەجێكردنی پرۆسەی دڵنیایی جۆری و هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و جێبەجێكردنی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ و پەیڕەوكردنی سیستمی بۆڵۆنیا و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و سەربەخۆیی دارایی بۆ زانكۆكان و پەیڕەوكردنی سیستمی ئەلیكترۆنی لەبەڕێوەبردنی كارەكانی وەزارەت و بەهێزكردنی پێگەی زمانی ئینگلیزی لە سەرجەم ئاستەكانی خوێندن.
*بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا.