Back

پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی – پێنجوێن كرایەوە

بەهەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی – پێنجوێن لە قەزای پێنجوێن كرایەوە، كە لە دوو بەشی زانستی پێكدێت و هەریەك لە بەشەكانی پەرستاری و كارگێڕی كار لەخۆدەگرێت و لە ساڵی داهاتووشەوە پەیمانگاكە پێشوازی لە خوێندكاران دەكات. ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/9/26 لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د.سۆران سەعید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی و راگری كۆلێج و پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ و زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن و هەڵۆ پێنجوێنی لێپرسراوی مەڵبەندی پێنجوێن و مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵكی پێنجوێن پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی – پێنجوێن كرایە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین رایگەیاند: ماوەی چوار ساڵە هەوڵ بۆ كردنەوەی پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی – پێنجوێن دەدەین، ئەمڕۆش لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەپشتیوانی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی توانیمان پەیمانگاكە بكەینەوە و سەرجەم پێداویستییەكانی خوێندنی لە داهاتی زانكۆ بۆ دابین بكەین، هەورەها سوپاسی وەزارەتی رۆشنبیری و ناوەندی گەنجان و لاوانی پێنجوێن دەكەین كە هاوكارییان كردین بە دابینكردنی بینا بۆ پەیمانگاكە و سوپاسی سەرجەم ئەو كەس و لایەنانەش دەكەین كە هاوكارمان بوون. سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی راشیگەیاند: هیوادارین كردنەوەی ئەم پەیمانگایە ببێتە بنەمایەك بۆ دروستبوونی پەیمانگای تەكنیكی پێنجوێن لە ئایندەیەكی نزیكدا چونكە لەئێستادا پەیمانگا نوێیەكە بەشێكە لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی ( پەیمانگای دایك ) كە لە ساڵی 1973دا دامەزراوە و بنەمای خوێندنی تەكنیكییە لە هەموو كوردستان، ئەمرۆش بووە بناغەی خوێندنی تەكنیكی لە پێنجوێن، هەورەها سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتیشی: لە ساڵی 2019دا پەیمانگاكە خوێندكار وەردەگرێت، بۆیە بەڵێن دەدەین پەیمانگاكە ببێتە سەنتەرێكی رۆشنبیری و زانستی لە ناوچەكە و پەیامی خوێندنی باڵا بگەیەنێتە تەواوی خەڵكی پێنجوێن. پاشان زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن دەستخۆشی لە پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد كە شەو و رۆژیان خستەسەر یەك تا ئەم پەیمانگایەیان كردەوە، وتیشی: ئەم پەیمانگایە گرنگییەكی زۆری بۆ قەزاكەمان دەبێت هەر لە پێگەیاندنی كادری زانستی و ناساندن و بوژاندنەوەی بازاڕی قەزاكە، ناوبراو وتیشی: ئومێدەوارین لە رێگەی ئەم پەیمانگا نوێیەوە كۆنفرانس و سیمیناری زانستی پێشكەش بە شارەكە و بكەین و خزمەت بە هاوڵاتیانمان بكەین. قایمقامی قەزای پێنجوێن داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەكان كرد هاوكاری ئەم پەیمانگایە بن لەبەرئەوەی یەكەم دەستپێكردنی خوێندنی باڵایە لە قەزاكەدا. دواتر لەلایەن سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لۆگۆ و خەڵاتی زانكۆ پێشكەش بە قایمقامی پێنجوێن و لێپرسراوی مەڵەبەندی پێنجوێن و ژمارەیەك لە مامۆستایانی قەزاكە كرا و دواتر سەرجەم هۆڵی خوێندن و بەشەكانی دیكەی پەیمانگاكە بەسەركرایەوە. *بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile