وۆركشۆپێك دەربارەی خوێندنی ئەندازیاری لە زانكۆكاندا بەڕێوەچوو
بەدروشمی (ئەندازیار كۆڵەكەی بنیاتنانی وڵاتە) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وۆركشۆپی (پێداچوونەوە و پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندنی ئەندازیاری لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان) دەستپێكرد.
رۆژی دووشەممە 2018/9/17 بەچاودێری و ئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وۆركشۆپەكە دەستیپێكرد و تێیدا راگەیاند: ئەمڕۆ ئەم وۆركشۆپە كە ئەنجام دەدەین هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی وەزارەتەكەمان بۆ گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن لە زۆرێك لە بەشەكان كە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا گۆڕانكاری زۆرمان لە پرۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژەكانی (یاسا، شەریعە، كۆمەڵناسی، كشتوكاڵ و زانستە سیاسیەكان…هتد) كردووە.
سەبارەت بە گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژەكانی ئەندازیاری د.یوسف گۆران بەگرنگییەوە باسی لەو بوارە كرد و وتی: خوێندنی ئەندازیاری بوارێكە زۆر گرنگە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگە، چونكە ئەو بوارە تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە هەمان كاتدا ئەندازیار و ئەندازیاران ئەركی گەورەیان لەسەرشانە، بۆیە دەبێ ئەو ئەركە گرنگ و گەورەیە لە پرۆگرامەكانی خوێندن ڕەنگبداتەوە، چونكە ئەوەی هەیە، ئەوە نییە كە پێویستە لە خوێندنی ئەندازیاریدا هەبێت، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: دەبێت پرۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژەكانی ئەندازیاری بەشێوەیەك دابڕێژرێنەوە لەگەڵ كۆنتێكیستەكانی جیهان یەكانگیر بێت.
د.یوسف گۆران لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا باسی لە كێشە بنەڕەتیەكانی بواری ئەندازیاری كرد و وتی: لە ڕاستیدا كێشەی ئەوەمان نییە ئایا لە چ بوارێكی ئەندازیاری پسپۆڕیمان هەبێت (شارستانی، كارەبا، میكانیك، كیمیا، نەوت، تەلارسازی یان هەر پسپۆڕییەكی دیكە)، بەڵكو گرنگە ئەندازیارەكانمان بیرۆكەیان هەبێت و، لەهەمان كاتدا بتوانن ئەم بیرۆكەیە بگۆڕن بۆ ریالیتی و لەسەر ئەرزی واقیع جیبەجێیان بكەین، ئەمەش لە ڕاستیدا بە بەگەڕخستنی توانای ئێوەی بەڕێز هەیە لە دانانی پرۆگرامەكان و گرنگی تەواو بدەن بە بابەتە زانستییەكان و ماتماتیك، چونكە ئێستا بەهۆی ئەو شۆڕشە گەورەیەی كە هەیە كەرتی تایبەت ڕۆڵی گەورەی لە بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتیمان هەیە و، ئەركی ئەندازیارانە بتوانن جۆریك لە ئەندازیاری لە هەمو بوارەكان پێبگەیەنن، كە خاوەن پرۆژە و بیرۆكە و وەبەرهێنان بن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بوارە بەرێوەببەن كە پسۆڕییان لێ دەبێ، بێگومان ئەوەش پێویستی بەتوانای ئێوە هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو گۆڕانكاریانە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیوای خواست هەماهەنگی زیاتر لە نێوان كۆلێژەكانی ئەندازیاری و یەكێتیی و سەندیكاكانی ئەندازیاری هەبێت، چونكە كێشەیەكی زۆرمان هەیە و دەرچووان راستەوخۆ ڕێگەیان نادەن بەشداری لە پرۆژەكانی ئاوەدانی بكەن، بۆیە گرنگە دوای دەرچوون خویندكاران بەسوود وەرگرتن لە و بوارە تواناكانیان زۆر بەهێز بكەن، چونكە یەكێك لە خاڵە لاوازەكانمان لاوازی سكیڵی دەرچووانمانە، بۆیە هیوام وایە ئەو پەیپەر و پێشنیازانەی لێرە دەخرێتەڕو ڕەنگدانەوەی واقیعی خۆمان بێ، ئەوەشی ڕاگەیاند: كە كاری تەواو لەسەر ئەو بڕیارانە دەكەن كە لەم وۆركشۆپە دەدرێن.
شایەنی باسە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان (11) كۆلێژی ئەندازیاری و (42) بەشی زانستی لە بوارە جیاكانی ئەندازیاری هەیە، كە (8723) خوێندكار لە خۆدەگرن و، لەلایەن ستافێكی زانستی كە ژمارەیان (808) مامۆستایە وانەیان پێدەوترێتەوە.
*بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی