زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە خوێندكارانی وڵاتی چین دەناسینرێت
لە سەردانەكەیاندا بۆ وڵاتی چین دوو خوێندكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە رێگەی پێشكەشكردنی سیمینار و ئاڵای زانكۆوە، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە خوێندكارانی ئەو وڵاتە دەناسێنن.
دوای ئەوەی لەلایەن كونسوڵگەری وڵاتی چینەوە بەڕەسمی بانگهێشتی خوێندكارانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كران بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی ئاڵوگۆڕی كلتوری لەو وڵاتە تێیدا دوو خوێندكاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشدارییان كردووە، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و پەیوەندییە گشتییەكانی زانكۆوە پاڵێوراون و هەروەها لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پەسەندكراون بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمەكەدا.
لە رۆژی یەكەمی مەراسیمەكەدا كە لە زانكۆی پەكین بەڕێوەچوو، ئاوێزە محەمەد خوێندكاری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی بە زمانی ئینگلیزی سیمینارێكی بە پێزی دەربارەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و شاری سلێمانی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد كە بووە جێگەی سەرنج و خۆشحاڵی هەمووان، هەروەها لە رێگەی ئاڵای زانكۆ و كوردستانەوە هەوڵی داوە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و كلتوری كوردی بە هەمووان ئاشنا بكات.