Back

بۆ جاری سێیەم ریزبەندی نیشتمانی زانكۆكانی هەرێم رادەگەیەنرێت

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: لە مانگی 10ی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم رانكینگی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنین و كاركردنیش بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆكان بەردەوامە‌. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشكرد: بەپێی ئەو داتایانەی ئێستا لەبەردەستماندان ئاماژەی دڵخۆشكەر هەن بە نیسبەت زانكۆكانەوە، سەرجەم زانكۆكان لەو داتایانەی لەبەردەستدان بەرەوپێشچوونی باشیان لەو بوارانەدا بەدەستهێناوە بەتایبەتی لە بواری لێكۆڵینەوەدا، بۆیە ئەمە جێگای دەستخۆشییە بۆ هەموو زانكۆكان، هەروەها وتیشی: كاری سەرەكی ئێمە دروستكردن و چەسپاندنی ئەو كلتورەیە كە دەبێت لێكۆڵینەوەكانمان لێكۆڵینەوەی رەسمی ئاست بەرزبن و بەشداربن لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوە جیهانییەكاندا و خەم و كێشەی ئەم وڵاتەی خۆمان دەربخەن بۆ كۆمەڵگای ئەكادیمی تاوەكو بزانین لە چ ڕێگەیەكەوە چارەسەریان بۆ بكرێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەركێكی زانستی جێبەجێ دەكەین ئەركێكێكی نیشتمانیش دەكەین كاتێك كە ئێمە ئەتوانین لەو ئاستە بەرزانەی لێكۆڵینەوەكانی خۆمان بڵاوبكەینەوە. سەبارەت بە كاركردن بۆ بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆكان د.یوسف گۆران وتی: خاڵیكی تری گرنگ هەیە كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كار دەكات لەسەر بەنێودەوڵەتی كردنی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە زانكۆكان هەنگاو بنێن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی متمانەبەخشین (Accreditation) لەلایەن دەزگا و ئاژانسە ئەكادیمە جیهانییەكانی تایبەت بەپێدانی متمانە بەخشین دەدرێت، وتیشی: بەخۆشحاڵیەوە دەبینم هەندێك لە زانكۆكان چ لەسەر ئاستی زانكۆ چ لەسەر ئاستی بەش هەوڵی جددی دەدەن بۆ ئەوەی (Accreditation)یان هەبێت، چونكە ئێستا تەقریبەن لە ئاستی دونیا بۆ ناساندن و بەنێودەوڵەتی كردن و بۆ یەكسانكردنی بڕوانامەكان بۆ هەموو ئاستەنگەكانی دیكەی كەدێنە پێشەوە بابەتی ئەكریتەیشن و متمانەبەخشین گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، بۆیە یەكێك لە پلانە سەرەكییەكانمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ چەسپاندنی داهاتوو هیچ زانكۆ و پەیمانگایەك نەهێڵین كە ئەكریتەیشنیان نەبێت. *ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
This shortcode LP Profile only use on the page Profile