كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندن راگەیەندرا
ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا رۆژی 2018/9/16 پرۆسەی خوێندنی خوێندكاران بۆ ساڵی 2018-2019 دەستپێبكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/9/5 ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەسەرۆكایەتی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن لە سەرۆكایەتی زانكۆ كۆبۆوە و یەكەمین كۆنووسی ئەنجومەنی زانكۆی بۆ ساڵی 2018 – 2019 سازكرد، سەرەتا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سوپاسی یەكە بەیەكەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی كرد بەبۆنەی كۆتاییهاتنی پرۆسەی خوێندی ئەمساڵ بە سەركەوتوویی و پیرۆزبایی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنیشی لێكردن.
لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی زانكۆدا كە هەریەك لە بەڕێوەبەرانی تۆماری گشتی و كارگێڕی و دارایی و نووسینگەی سەرۆكی زانكۆ ئامادەبوون، بەوردی گفتوگۆ و لێكۆڵینەوە لە تەوەرەكانی كارگێڕی و داریی و زانستی كرا و جەخت لەسەر گرنگیدان بە پێشخستنی پرۆسەی خوێندن و ئاستی زانستی و جێبەجێكردنی ریفۆرمی زانكۆیی لە سەرجەم كۆلێج و هەندێك لە پەیمانگاكانی سەر بە زانكۆ كرایەوە، هەروەها بڕیاردرا پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە بەرواری 2018/9/16 لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەستپێبكات و بۆ ساڵی ئایندەش لە بەرواری 2019/9/1 دەستپێبكات.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.