پەیوەندییە ئەكادیمییەكانی نێوان زانكۆكانی كوردستان و یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی تاوتوێكران
بەئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، د. عمرو عزت سلامە ئەمینداری گشتی یەكێتی زانكۆكانی عەرەب و وەفدی هاوڕێی لەگەڵ سەرۆكی سەرجەم زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی كوردستان كۆبووەنەوە كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەندامە لە یەكێتییەكەدا.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان زانكۆكانی كوردستان و زانكۆكانی ئەندام لە یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی كرا و تیشك خرایە سەر ئەو پێشكەوتنانەی كە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی چۆنیەتی و چەندایەتییەوە پێشكەوتنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینوە، هەروەها بەهەمان شێوەش دەبێت یەكێتی زانكۆكانی عەرەب خۆیان لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بگونجێنن، هەروەها تەئكید لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئەكادیمییەكان و ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش لە بوارە جیاوازەكان كرایەوە كە گرنگی هەبێت بۆ یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی و زانكۆكانی كوردستان.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لۆگۆی زانكۆی پێشكەش بە د.عمرو عزت سلامە ئەمینداری گشتی یەكێتی زانكۆكانی عەرەب كرد و هیوای خواست رۆڵی زانكۆ لە یەكێتییەكەدا خزمەتی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن و خوێندكاران بكات.
*بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چالاكییەكانی زانكۆ.