وۆركشۆپی تایبەت بەپێداچوونەوەی پرۆگرامی خوێندن لە بەشی تەكنیكی میدیا بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونی راگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی و یاریدەدەری ڕاگر و سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیای سەربە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، لە هۆتێل تایتانیك وۆركشۆپی تایبەت بەپێداچوونەوەی پرۆگرامی خوێندن لە بەشی تەكنیكی میدیا بەڕێوەچوو، كە تێیدا لەلایەن چەندین پسپۆڕی بواری میدیا و راگەیاندنەوە گفتوگۆ لەسەر شێوازی دانانی پرۆگرامی نوێی خوێندنی ئەو بەشە كرا.
لەسەرەتای وۆركشۆپەكەدا پ.ی.د.حەكیم عوسمان ڕاگری كۆلێجی تەكنیكی كارگێڕی تیشكی خستەسەر ئامانجە گرنگەكانی وۆركشۆپەكە و ئەو هەوڵانەیان كە لە داهاتوودا لەو پێناوەدا دەیخەنەگەڕ.
پاشان د.رێبەر گۆران سەرۆكی بەشی تەكنیكی میدیا روونكردنەوەی لەسەر چۆنیەتی كارەكانی لیژنەی ئامادەكاری پێداچوونەوەی پرۆگرامەكانی خوێندنی بەشی تەكنیكی میدیا پێشكەشكرد.
هاوكات چەندین پسپۆڕ و شارەزای بواری راگەیاندن و میدیا بانگهێشتی وۆركشۆپەكە كرابوون تا لەڕێگەی سەرنج و رەخنە و تێبینیەكانیانەوە بتوانن لە دانانی پرۆگرامی نوێی بەشەكەدا رۆڵیان هەبێت.
لە ماوەی زیاتر لە سێ كاتژمێردا لەلایەن لیژنەی رێكخستنی وۆركشۆپەكە و مامۆستایانی بەشەكە و كەسانی ئامادەبووەوە گفتوگۆ لەبارەی سەرجەم وانە پێشنیاركراوەكانی هەر چوار قۆناغەكەی بەشی تەكنیكی میدیا كرا، دواتریش بە خستنەڕووی چەندین پێشنیاری گرنگ كە هۆكارن بۆ سەرخستنی دانانی پرۆگرامێكی گونجاو بۆ خوێندكارانی بەشەكە كۆتایی بە وۆركشۆپەكە هێنرا.