Back

دیدار و كۆبوونەوەكانی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە بەغداد دەستیپێكرد

لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ڕێكەوتی (2017/7/17) وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی د.یوسف گۆران گەیشتە بەغداد لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە پێشوازی لێكرا. لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا، وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە كۆشكی كۆماری لەگەڵ د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی خوێندنی باڵا لە هەرێم كرد، لەوبارەیەوە د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامانجی سەردانەكەیانی بۆ بەغداد ڕوونكردەوە، هەروەك كورتەیەكیشی لەبارەی خوێندنی باڵا و، كاروچالاكی پڕۆژەكانی وەزارەت پێشكەش بە سەرۆك كۆمار كرد و، ڕایگەیاند: وەزارەتەكەمان بەئامانجی بەرزكردنەوەی كواڵیتی خوێندن ڕیفۆرمی لە كۆمەڵێك بوار كردووە و، بەهۆیەوە ئەنجامی باش بەدەستهاتووە، ڕوونیشكردەوە پڕۆسەی ڕیفۆرم بەردەوامی پێ دەدەین تا ئەو كاتەی ئاستی زانكۆكان دەگەنە بەرزترین ئاست، وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: مەبەستی سەرەكیمان لەم سەردانە بۆ بەغدادی پایتەخت بریتییە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و، چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوانماندا هەیە. لەبەرامبەردا د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق، بەگرنگییەوە لەو سەردانەی ڕوانی و ڕایگەیاند: ئەم جۆرە سەردانانە گرنگە بۆ توانەوەی ئەو بەستەڵەكەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد دروست بووە، بەتایبەت لە بواری خوێندنی باڵا، وتیشی: تەنها بەسەردان و گفتوگۆ و لە نزیكەوە ئاگاداربون لە یەكتر دەتوانین كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەربكرێت، هەروەك وەفدی میوانی ڕاسپارد بایەخ و بەهاوكاری و هەماهەنگی یەكتر لە كاروبارەكانی یەكتر بدەن. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك كۆماری عێراق بەگرنگییەوە باسی لە بواری خوێندنی باڵا كرد و دەستخۆشی لەو كار و پرۆژانە كرد كە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە بوارە جیاكان ئەنجامیداوە، بەتایبەت ڕیفۆرمكردن لە بواری پرۆگرامەكانی خوێندن، جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە پەرە بەئاڵوگۆڕی ستافی زانستی لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق بدەن. وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كە لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆكایەتی دەكرێت، پێكهاتوون لە پ.ی.د.ئالان فەریدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین/هەولێر، د.نەژدەت ئاكرێی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان، د.محەمەد حسین سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری، د.جوان جەلال بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان و د.محەمەد سابر بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندان و بەدواداچوون.
This shortcode LP Profile only use on the page Profile